شیعر و ژیان و سیاسەت لە دیدی رەفیق سابیرەوە

شیعر و ژیان و سیاسەت لە دیدی رەفیق سابیرەوە

 ئەردەڵان عەبدوڵڵا

لەوانەبێت کە ناونیشانەکە بخوێننەوە یەکەمجار بەلاتانەوە سەیربێت، چ پەیوەندییەك لەنێوان ئەم سێ وشەدا هەبێت، پێدەچێت شیعر و ژیان، کەمێك لەیەکترییەوە نزیك بن، بەڵام سیاسەت هیچ شتێك بەوانی تری نابەستێتەوە، شیعرو ژیان گوازرشت لە جوانی دەکەن، بەڵام سیاسەت بەتایبەتی لەم وڵاتەدا هیچ جوانییەکی تێدانییە و وێنەیەکی ناشیرینی هەیە. بەڵام شاعیرێك توانیویەتی ئەم سێ شتە کۆبکاتەوە، ئەویش شاعیر و نووسەر رەفیق سابیرە. ئەو یەکێکە لە قەڵەمە جوانەکانی دونیای ئەدەبی ئێمە، شیعرە جوانەکەی کە بۆ هەڵەبجە نووسیویەتی ” بەتەنیا جێی مەهێڵن” یەکێکە لە جوانترین شیعر کە بۆ ئەم کارەساتە گەورەیە نووسراوە. جگە لە بواری شیعر، لەبواری فیکریشدا جێپەنجەی دیارە. کتێبی ” ئیمپراتۆریای لم” یەکێکە لەو کتێبە جوانانەی کە پێش چەند ساڵێك خوێندمەوە، کارێکی ناوازەیە. لەماوەی پێشوودا کتێبی ” لە ستایشی ژیاندا”م خوێندەوە، کە بریتییە لە بیرەوەرییەکانی نووسەر، بەڵام بەپێچەوانەی بیرەوەرییەکانی ترەوە چ لەرووی شێوازی نووسین و چ لەرووی ناوەڕۆکیشە زۆر جیاوازترە لەو بیرەوەریانەی کە پێشتر خوێندوومەتەوە.

نووسەر هەوڵیداوە لەرێگەی بەکارهێنانی زمانێکی شیعریی و هەندێکجاریش چیرۆکئامێز، حکایەتەکانی ژیانی بگێڕێتەوە، ڕاستە ژانری بیرەوەری لە رۆمانەوە نزیکە، نووسەریش هەوڵیداوە بە تێکەڵاوکردنی ئەدەب و بیرەوەریی،حکایەتی ژیانی بۆ خوێنەران بگێڕێتەوە. لەهەمووشی گرنگتر بیرەوەرییەکانی بۆ یەکلاکردنەوەی کۆنەقین و جەنگی شەخسی بەکارنەهێناوە، بگرە بەهیچ شێوەیەك لەم جۆرە شەڕانەی تێدا نییە، کەبەداخەوە ئێستا هەر کتێبی بیرەوەرییەک دەبینیت، پڕیەتی لە شەڕی شەخسیی و کۆنەقین، جا ئەوکەسە سیاسیی بێت یان ئەدیب.

لەم کتێبەدا رەفیق سابیر دیوێکی تری کودەتای ١٤ تەموزی عێراق، بزووتنەوەی چەکداری بەسەرۆکایەتی بنەماڵەی بارزانی، کارەساتی هەکاری، پشتئاشان دەکات. لەهەمانکاتیشدا باسی ئەزموونی شیعر نووسین ، رەوتی ڕوانگە و دونیای ئەدەبی کوردی دەکات.

نووسەر هەر لەسەرەتاوە پێماندەڵێت کە ئەو قۆناغی منداڵی لەناو جەنگ و ماڵوێرانیدا ژیاوە، پاشتریش قۆناغ بە قۆناغ، خۆی لەگەڵ جەنگ و کارەساتەکانی رادێنێت، بەڵام لەناو ئەم جەنگ و ماڵوێرانیی و ناشیرینییەدا، دونیایەکی جوان دەدۆزێتەوە کە ئەویش کتێب و شیعر و ئەڤینە، ئەمانیش هیوای پێدەبەخشن، هەرئەم هیوایەش دەبێتە وزەیەکی باش بۆ بەردەوامی ژیان و سەرکەوتن بەسەر گرفتەکاندا.

منداڵیی و بینینی ناشیرینییەکانی چەکداری کوردی

نووسەر سەرەتای کتێبەکەی بە گێڕانەوەی چیرۆکی ژنێکی کورد دەستپێدەکات، کە پێشمەرگەکانی پارتی ناو قەڵادزێ سەریان تاشیوە. نووسەر بەشێوازێکی حکایەتئامێز، چیرۆکی ژنان و کچانی قەڵادزێی گێڕاوەتەوە کە جەلادەکانیان، چەکدارەکانی پارتی بوون.

نووسەر دەڵێت: لەگەڵ هەڵگیرسانی بزووتنەوەی چەکداری کوردی لە ساڵی ١٩٦١ لەگەڵ خۆی، سەرتاشین و دواتر لوتبڕینی ژنانی لەگەڵ خۆی بۆ قەڵادزی هێنا. ژنکوشتن کە لە ساڵانی چلو پەنچاکاندا زۆر دەگمەن بوو، زیادی کرد و پێشمەرگە لەجیاتی مێرد بە بەهانەی پووچ و بەناوی ” شۆڕش” ەوە ، ژن و کچی خەڵکیان تیرۆر دەکرد، چەند کچ و ژنی بێتاوان و ئابڕوومەند، کرانە قوربانی لەوانە خێزانێک کە زۆر لە مێژبوو لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتبوون و لە قەڵادزێ جێگیربوون، کچەکەیان جوان بوو، شەوێك پێشمەرگ چوون سەری کچەکەیان تاشی، دواتر دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆوە کە ویستویانە لەگەڵی ڕابوێرن و کچەش رازی نەبووە، بۆیە سەریان تاشیوە، دواتر خێزانەکە ناچار روویان لە بەغدا کرد.ل ١٢

جگە لەمانە چەندین حکایەتی ژن و کچی قەڵادزێ باس دەکات، کەلەلایەن چەکدارانی پارتییەوە پەلاماردراون، هەموو ئەمانەش بەناوی شۆڕشەوە کراون.

شۆڕشی١٤ تەموزی ١٩٥٨

بەپێچەوانەی نووسەرانی تری شیوعییەوە، رەفیق سابیر تێڕوانینێکی جیاوازی هەیە بۆ شۆڕش یان کودەتای ١٤ ی تەموزی ١٩٥٨. ئەو پێی وایە ئەم شۆڕشە زیاتر توندوتیژیی و نائارامی لەگەڵ خۆی بۆعیراق هێناوە.

نووسەر دەڵێت: شۆڕش یان کودێتای سەربازی ١٤ تەموزی ١٩٥٨، ئەو توندوتیژی و کوشتارەی کودێتاکە لەگەڵ خۆی هێنای، سەرەتای نەخشەی سیاسی نوێی عیراقی بە خوێنکێشا، لەهەمانکاتدا کولتوری کوشتن و توندوتیژی کە لە کۆنەوە بە قووڵی ڕیشەی بەکۆمەڵی عیراقدا ڕۆچووە، ژیاندەوە.

کوشتنی مەلیك و کەسانی بنەماڵەکەی، تێكڕای ئەو تاوانە مەزن و کوشتارە کەموێنانەی دواتریش بە ناوی شۆڕشەوە لە عیراقدا کران، بەرهەمی مێژووی خوێناویی سەدان ساڵەی کۆمەڵی عیراقن، کە هەمیشە مەیدانی کوشتار، تیرۆر و لەناوبردن بووە. ل٦٦

عیراق و توندوتیژی

لەرێگەی باسکردنی شۆڕشی ١٤ ی تەموزی ١٩٥٨، نووسەر بەناو مێژووی عیراقدا رۆچووە و هەوڵیداوە بەپشت بەستن بە مێژووی کۆنی عیراق، شڕۆڤەی ئەم توندتیژییەی کۆمەڵگەی عیراقی بکات.

نووسەر دەڵێت: ناوچەکانی عیراقی عەرەبی کەوتونەتە نێوان دورگەی عەرەب و ئێران، ئەو ناوچانە لە کۆنەوە ئامانجی خێڵە بەدووەکانی دورگەی عەرەب بوون، کە بۆ تاڵانی، غەنیمەت و پەیداکردنی لەوەڕگا بۆ ماڵاتەکەیان، ڕوویان تێ دەکرد، لەسەردەمی پەلامار و غەزوی عەرەبی ئیسلامیدا، ئەو ناوچانە کرانە بنکەی سەرەکی لەشکری بەدووەکانی عەرەب، تابەرەو ئێران و دوورتر بڕۆن، خێڵە بەدووەکانی عەرەب کە بە توندتیژی و تاڵانچی ناسراوان، تاسەرەتای سەدەی بیستەم، بە پۆل ڕوویان لەناوچەکە کرد، کولتووری بەخوێنئاودراوی خۆیان تێدا چەسپاند،،،ل٦٧

بزووتنەوەی چەکداری

نووسەر بەچاوێکی رەخنەگرانەوە سەیری مێژووی سیاسی کورد دەکات، بەتایبەتی مەسەلەی بزووتنەوەی چەکداری کە لە سەرەتای ساڵانی شەستی سەدەی پێشوو سەریهەڵدا. نووسەر وێنەیەکی تری ئەم بزووتنەوە چەکدارییەمان پیشان دەدات، وێنەیەک تەواو جیاوازە لەو وێنەیەی کە لە میدیاکانی بنەماڵەی بارزانییەوە باس دەکرێت.

نووسەر دەڵێت: بەهۆی هەڵگیرساندنی شەڕ، هەزاران گەنجی کورد، بەناوی گوایا شۆڕشەوە کرانە قوربانی، زیاتر لە نیوەی ئەو قوربانیانە لە شەڕی نیوخۆدا، بە کوشت دران، یان فەلەج و پەککەوتە کران. دوا شتێک کە لە کۆڵە پشتە شڕەکەی بزووتنەوەی چەکداریدا مابوو، (هیوا) بوو، شەڕی نیوخۆ ئەویشی کوشت. ل١٥

دواتر دەڵێت: لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی پێشوو تا ئازای ١٩٧٠، کوردستانی عیراق گیرۆدەی شەڕ بوو، تیرۆر، بێهیوایی، وێنەی تارمایەکی ڕەش و ترسناک دەسووڕانەوە، چارەنووسی هەر کەس و هەمووان نادیار بوو. کاتێک وڵاتێك دەکرێتە زیندانێکی گەورەو وڵاتکوژان دەبنە پاسەوانی، ژیان و مردن جیاوازی ئەوتۆیان لە نێواناندا نامێنێت.ل ١٠٧

شۆرشی عەشائیر یان شۆڕشی کورد؟!

لەهەمووی گرنگتر نووسەر هۆکاری سەرەکیی و وێنەیەکی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی چەکداری ساڵی شەستەکانمان پێ پیشان دەدات کە لە دیدی بنەماڵەی بەرزانیی و هەوادارانییانەوە بە شۆڕشی ئەیلول ناودەبرێت، ماوەی دەیان ساڵیشە وا دەیخەنە بیری خەڵکییەوە کە ئەمە شۆرشی نەتەوایی بووە، بەڵام ڕەفیق سابیر قسەیەکی تری هەیە و پێمان دەڵێت، ئەمە هیچ پەیوەندی بە مافی نەتەوایەتیی کوردەوە نەبووە، بەڵکو جەنگی کۆمەڵێک سەرۆك خێڵ بووە، چونکە حکومەتی عیراقی قانونی چاکسازی کشتوکاڵی دەرکرد.

نووسەر دەڵێت: لە کۆتایی ئەیلولی ١٩٥٨ قانونی چارەسەری کشتوکاڵ لە عیراق ( قانوونی ژمارە ٣٠) دەرچوو، دروشمی زەوی موڵکی ئەو کەسەیە کە دەیچێنێت، ئەو قانوونە بەو ئامانجە دەرکرا کە کێشەی لە مێژینەی نێوان ئاغا و جووتیار چارەسەر بکات، ئاستێکی ماقووڵی دادپەروەری، لە بواری کۆمەڵایەتی، ئابووری و موڵکایەتی زەوی بچەسپێنێت، بەڵام قانوونەکە لەگەڵ گرنگییەکەیدا، زۆر بەپەلە و بە فشاری حزبی شیوعی دەرچوو، چارەسەرکردنی کێشەی زەوی لە عیراقدا لەوە ئاڵۆزتر بوو کە هێندە بەپەلە و هەبوونی دەسەڵاتێکی بەهێز جارەسەر بکرێت،ل٧٧

سەرۆک خێڵەکانی کوردستانی عیراق دژی ئەو قانوونە نوێیە وەستان، کۆمەڵێک ئاغای پشدەر ( میراودەلی) پەنایان بۆ ئێران برد و ماوەیەک لەوێ مانەوە دوای ئەوە بە چەکەوە گەڕانەوە ناوچەی پشدەر، سەرەتای یاخیبوونی چەکداری لە دژی حکومەتی عیراق لە ناوچەی پشدەر و بێتوێن، بەڕابەری ئاغاکان دەستی پێ کرد، هەموو خاوەن زەوییە زۆرەکانی ناوچەی رانیە و پشدەر ئامادەبوون و بڕیاریاندا خۆپیشاندانی چەکداری بکەن دژی رژێمی عەبدولکەریم قاسم و هەرچی زووترە رێگای نێوان رانیە و سلێمانی و کۆیە ببەستن و ماوە نەدەن هێزەکانی چەکداری میری بەم رێگایەدا هاتوچۆ بکات، دوای ئەو یاخیبوونە چەکدارییە (عەشائیری دەوربەری سلێمانی و هەمەوەند و شوان و شێخ بزێنی و سمایل عوزێری و دۆڵی جافەتی) ئەوانیش هەستان و رێگاکانی بازیان و دەرەبەندیخانیان گرت و چەکداریان دامەزراند، ئیتر دەنگی شۆڕشی عەشائیر لە هەموو عاستێک بەرزبپوە.ل٨٠

واتە سەرەتاکەی شۆڕشەکە بەم شێوەیە بووە، بەڵام بۆچی سەرانی پارتی دوای شۆڕشی عەشائیرییە کەوتووە؟

نووسەر لە وەڵامدا دەڵێت: پارتی بەفشاری لەشکری ئاغاکان و لە ترسی لەدەستدانی پێگەی خۆی، بەبێ پلانی سەربازی و خۆئامادەکردن بۆ خەباتی چەکداری، چووە پاڵ شۆڕشی عەشائیر کە بە هاندان و کۆمەکی ئێران کرا، بەمشێوەیەش دەرگای دۆزەخی بەرووی گەلی کورد لە عیراق کردەوە، کەتا ئەمڕۆ تیایدا دەسووتێت.ل٨٠

دواتریش دەڵێت: سەرانی پارتی لەبری ئەوەی بە شێوازی سیاسی و ئاشتیانە کار بۆ مافی دەستووری گەلی کوردستان بکەن، بە بێ پلان و خۆئامادەکردن چوونە پاڵ شۆڕشی عەشائیر، کەهیچ پەیوەندییەکی بە مافی نەتەوەیی گەلی کوردەوە نەبوو، لەهەمانکاتدا بەهانەیان بە دەوڵەتی نوێی عیراق دا، هێزی سەربازی بۆ کوردستان ڕەوانە بکات، ناسیۆنالیست و شۆڤێنی عەرەبیش، دەرفەتیان بۆ ڕەخسا، بە ئاشکرا دوژمنایەتی گەلی کورد بکەن،ل٨١

مەڕ لە گورگ تۆقیوە کەچی شوانەکەی دەیخوات

نووسەر خاڵێکی ترمان بۆ باس دەکات، ئەویش خۆخستنە باوەشی رژێمی شای ئێرانە، کە ئەمەش خاڵێکی نێگەتیفی بزووتنەوەی چەکداری کوردییە، رەفیق سابیر دەڵێت: مرۆڤ قەت لە سەرەتایەکی هەڵەوە، بە ئەنجامی دروست ناگات. چواردە ساڵ ڕەنج و قوربانی و بە کوشتدانی دەیان هەزارکەس، هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆ و لەتکردنی گەلی کوردستانی عێراق و وێرانکردنی کوردستان، ئەنجامەکەی ئەوەبوو، دەوڵەتی ئێران نیوەی شەتی عەرەبی لە عێراق ستاند، لەبەرامبەر ئەوەدا رۆژی ١٩ ئاداری ١٩٧٥ سەرکردایەتی بزاڤی چەکداری ،جاڕی ئاشبەتاڵی دا، ئێران ئاشبەتاڵی بە بزاڤە چەکدارییەکە کرد، کە ئامڕازێکی دەستی خۆی بوو. دەیان هەزار پێشمەرگە و هەزاران خێزان، کە ژیان و کەرامەت و چارەنووسیان خستبووە دەستی سەرانی بزووتنەوەکە، ناچارکران زەلیل،سەرکز و بێهیوا،خۆیان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکەنەوە، ،،ل٢٠٧

جێگەی ئاماژەیە ئێستاش هەمان دیمەن دووبارە دەبێتەوە، سەرانی ئێستای پارتی بەهەموو هێز و توانای خۆیانەوە، خۆیان و چارەنووسی حکومەتی هەرێمیان ڕادەستی رژێمی تورکیا کردووە، ئیتر بابزانین کەی ئاشبەتاڵێکی تر دەبینین.

تیرۆرکردنی کەسایەتی سیاسی و رۆشنبیری کوردستانی ئێران

جگە لەمانەش نووسەر باسی دیمەنێکی ناشیرینی تری بزووتنەوەی چەکدارییمان بۆ دەکات، ئەویش تیرۆرکردنی شۆڕشگێران و کەسایەتییەکانی کوردستانی ئێرانە. ئەمەش لەبەر خاتری ڕژێمی شای ئێران.

نووسەر چەند نموونەیەکی لەو بارەیەوە هێناوەتەوە: سلێمانی موعینی رابەری بزاڤی چەکداریی گەلی کورد بوو، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵی ١٩٦٩ مەلا مستەفای بارزانی، بەدیلی تیرۆری کرد و تەرمەکەشی، لەگەڵ پۆلێکی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ڕادەستی حکومەتی ئێران کرد و هەموو پێشمەرگەکان لە سێدارە دران.ل١٧٣

یەکێکی تر لەو نموونانەش باس دەکات و دەڵێت: محەمەد دڵشاد کە بە میرزا دڵشادی رەسولی ناسراوەو لە سەردەمی کۆماری مهابادا وەکو کەسایەتییەکی سیاسیی و رووناکبیر دەرکەوتووە، شەوێک ئاغایەکی پشدەر ( ع. ع) کە دۆستی بوو، بەناوی کارێك بردیە دەرەوەی قەڵادزێ، لە گوندی هەڵشۆ، رادەستی پێشمەرگەی پارتی کرد و جوانەمەرگیان کرد. ئەو جۆرە تیرۆرە دیاردەیەکی نوێ بوو، سەرەتا سام و ترسیان لە کۆمەڵدا بڵاوکردەوە، بەڵام ئەوەندە دووبارە کرانەوە، بوونە بەشێك لە ژیانی خەڵکی، ئەمەش سەرەتای داڕمانی ئەخلاقی، ویژدانی، کۆمەڵایەتی، ئینسانی بوو لە باشووری کوردستان، کە بزاڤی چەکداری دایهێنا و تائەمڕۆش، بە گوڕ و تینی زۆرترەوە بەردەوامە. ل٦١

بەداخەوە ئەمڕۆ کەسایەتی رۆشنبیر و سیاسی کوردستانی تورکیا و سوریا، لەلایەن پارتییەوە رادەستی رژێمی تورکیا دەکەنەوەو تیرۆریان دەکەن.

زیندان و دیل کوشتن

لایەنێکی دزێوی تر بزووتنەوەی چەکداری دیل کوشتنە، لەمبارەیەوە نووسەر کۆمەڵێک نموونەی باسکردووە:

لەساڵی ١٩٧٣، ١٢ کادری حشع کە خەڵکی هەشت پارێزگای عێراق بوون، دوای تەواوکردنی خوێندن لە یەکێتی سۆڤێت و وڵاتانی سۆشیالیستی بەڕێگای سوریا گەڕانەوە عێراق، عیسا سوار کە فەرماندەی پارتی بوو لە بادینان، هەموویانی گرت و بە بڕیاری مەلا مستەفا ، بەدیلی کوشتنی.،،

پارتی لە کوردستان کەوتە گرتن و پەلاماردانی حزبی شیوعی و تۆمەتی جاشایەتی دایە پاڵ ئەو حزبە، کەچی خۆی سێ ساڵ بوو بەشداری حکومەت بوو، لەگەڵ حزبی بەعس هاوپەیمان بوو. پارتی دەیان کادیر و ئەندامی حزبی شیوعی بۆ زیندانی بەدناوی خەڵان و ڕایات نارد و لەوێ ئەشکەنجە دران. هاوڕێ عەبدولرەحمان خدر بانەیی، لەوێ بە ئەشکەنجە شەهید کرا.ل١٩٤

حزبی شیوعی

جگە لەپارتی و بنەماڵەی بارزانی، نووسەر لەم کتێبەدا رەخنەی زۆر لە سیاسەت و فیکری حزبی شیوعی دەگرێت. بەحوکمی ئەوەی نووسەر هەر لەقۆناغی هەرزەکارییەوە تێکەڵی ژیانی سیاسی دەبێت ئەویش لەرێگەی حزبی شیوعییەوە، هەتا پاییزی تەمەنی لەم حزبەدا دەبێت، دواتر واز لەم حزبە دەهێنێت. بۆیە پانتاییەکی باشی بۆ ئەم حزبە داناوەو بە چاوێكی ڕەخنەگرانەوە سەیری فیکر و سیاسەت و مێژوو، خەبات، سەرکردایەتی ئەم حزبە دەکات.

ئەو باسی سێ خاڵی بەهێز و لاوازی حشع ”کورتکراوەی حزبی شیوعی”

یەکەم: حزبێکی بە ئەزموونی عێراقی بوو، پێگەی بەهێزبوو لە کوردستان و شارەکانی عیراق و ڕێکخراوی نهێنی هەبوو.

دووەم: پەیوەندی فراوانی عەرەبی و ناوچەیی و جیهانی هەبوو، بەتایبەتی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت و وڵاتانی سۆشیالیستی.

سێهەم: بەشێک نەبوو لە شەڕو کێشەی نێوان ئەو هێزە سیاسیانەی کوردستان.ل٢٨٩

سێ خاڵی لاواز

هەروەها باسی سێ خالی لاوازیشی دەکات:

یەکەم: گرفتی سەرکردایەتی

لەناو حزبی شیوعی و ڕەنگە حزبەکانی کوردستانیشیەتی دا، هەندێک کەس لەبەر توانا، شارەزایی و لێهاتوویی نەکرابوون بە ئەندامی سەرکردایەتی و کاری گرنگیشیان پێ درابوو، بەڵکو لەبەر لاوازی و دەستەبەندی و گوێڕایەڵی کوێرانە، یان بەهۆی جاسووسیکردن بەسەر هاوڕێکانیانەوە، خرابوونە ئەو شوێنە. سەرکردایەتی حزبی شیوعی لە کوردستان، لەڕووی هزری و خوێندەوارییەوە لەچاو زۆرینەی سەرکردە عەرەبەکانی ناو حزبی شیوعی کۆلکەخوێنەوار بوون، پێنچ کەسیان تەنانەت قۆناغی سەرەتاییان تەواو نەکردبوو. توانای پێشبینی و لێکدانەوەیان زۆر کەمبوو. ئەوان ڕاهاتبوون لەسەرووی خۆیانەوە بڕیاریان بۆ بێت و وەکو سەرباز جێبەجێی بکەن، بۆیە لە هونەری بڕیاردان شارەزا نەبوون.ل٢٩١

دواتر دەڵێت: ئەو سەرکردانەی خۆیان ئەهلی ئەو کارە نەبوون، نەشیان دەهێشت لەترسی لەدەستدانی پێگە و ئیمتیازاتیان، سەرکردەی سیاسی-مەیدانی لاو دەربکەون، جگە لە بەهادین نووری، کەسیان لە خۆی رانەدی لەگەڵ پێشمەرگەدا بە گوندەکانی کوردستاندا بگەڕێت و تێکەڵاوی خەڵك بێت، یان لەگەڵ پێشمەرگەکاندا چالاکی سەربازی بکات، پێشمەرگەکان ئەوەیان بە کەماسی دەزانی، ئەوان دەیانبینی چەندان ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵە و یەکێتی و سۆشیالیست، شانبەشانی پێشمەرگەکانیان، لەگەرمیانەوە تا دەشتی هەولێر دەگەڕێن و بەشداری چالاکی سەربازی دەکەن، هەندێکیان لەگەڵ پێشمەرگە بریندار و شەهید دەبن، کەچی زۆرینەی سەرکردایەتی حزبی شیوعی لە دەرەوەی وڵاتن یان لەسەر سنووری ئێران خۆیان مەڵاس داوە، چاوەڕێ دەکەن کەی نۆرەیان بێت، بۆ چارەسەری پزیشکی یان کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی بچن بۆ سوریا و یەکێتی سۆڤیەت چوار مانگ زیاتر لە دەرەوەی وڵات بمێنێتەوە.ل٢٩٢

دووەم: دژایەتی ئایدۆلۆژی

نووسەر پێی وایە سەرانی حشع لەرووی ئایدۆلۆژییەوە زۆر لاواز بوون، لەمەدا باسی ئەوەدەکات کە بە ناڕەوا دژایەتی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کورستانی کردووە، لەجیاتی ئەوەی لێی نزیك بێتەوە کەچی دژایەتی کردوون ئەمەش هەڵەیەکی ئایدۆلۆژی بووە.

سێهەم: گرفتی هاتوچۆ و پێداویستی پێشمەرگە

بەهۆی ئەوەی رژێمی ئێران ئامادەنەبووە هاوکاری حشع بکات، کێشەی هاتووچۆ و پێداویستی پێشمەرگەی بۆ حشع دروستکردووە، هەروەها رێگای سوریاش لەلایەن پارتییەوە کۆنتڕۆڵکراوە، هەربۆیە ئەوان ناچاربوون نزیك ببنەوە لەپارتی. ئەمەش لەرووی سیاسییەوە زەرەری زۆری لەم حزبە داوە.

پشتئاشان

لەبارەی کارەساتی پشتئاشان زۆر نووسراوەو زۆریش قسە کراوە، من بیرەوەری زۆربەی سەرکردەکانی ی.ن.ك و حشع م خوێندۆتەوەو هەریەکەیان بەجۆرێك باسیان کردووە، هەروەها هەر لایەنە و ژمارەی قووربانی دەنووسێت، بەڵام رەفیق سابیر بەشێوەیەکی ئەکادیمی و دوور لە هەست و سۆز و بەدیدێکی ڕەخنەگرانەوە سەیری ئەم شەڕەی کردووە و هۆکارەکانی باسکردووە.

نووسەر دەڵێت: پارتی لە شەڕی نێوان ئێران و لەگەڵ حزبی دیموکرات و کۆمەڵە، هەروا لە شەڕی عێراق و ئێراندا، هاوسەنگەری لەشکری ئێران بوون و کۆمەکیان دەکرد، بۆیە لە مەیدانی سیاسی عێراق و کوردستانی ئێراندا لایەنێکی بێزراو بووە، بۆیە زۆر بەلایەوە گرنگ بوو لە حشع نزیک بێتەوەو بیخاتە ناو بەرەی جودەوە ل٣٠٣

لەمەشدا نەزانی و کورتبینی سەرکردەکانی حشع رۆڵی خراپیان بینیووە:

نووسەر دەڵێت: لە هاوینی١٩٨١ کۆنە جاشێك بەناوی (عەبدوڵا ماولی) پەیوەندی دەکات بەحزبی شیوعییەوە، پێشتر دوو پێشمەرگەی یەکێتی رادەستی حکومەت کردبوو لەسێدارە درابوون. ئەمەش گرژی لەنێوان یەکێتی‌ و شیوعی دروست دەکات، مانگێك دوای ئەو رووداوە ئەحمەد بانیخێڵانی، بەرپرسی مەکتەبی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوەی بەرەی جود دەچێتە ئێران ‌و لەو کۆبوونەوەیەدا چەند بڕیارێکی سەربازیی ترسناك دەدرێت، کە راستەوخۆ حزبی شیوعی لەڕووی سەربازییەوە بەتەواوەتی دەخاتە سەنگەری پارتی ‌و سۆشیالیست ‌و بەرەی دژ بەیەکێتیییەوە”. یەکێک لەو بڕیارانەی لەو کۆبوونەوەیەی (جود) دەدرێت ئەوەیە کە ناوچەی باڵەکایەتی‌ و دەرگەڵە و گەڵاڵە بکرێتە ناوچەیەکی کۆنتڕۆڵکراوی (جود). پارتی ٦٠٠ چەکدار و سۆشیالیست ٣٠٠ بنێرنە بنکەی پشتئاشان بۆ لای هاوڕێیانی حزبی شیوعی. ئیتر لەوکاتەوە “لەشوباتی ١٩٨٢ەوە حزبی شیوعی بێلایەنی خۆی لەدەست داو چووە بەرەی پارتی‌ و سۆشیالیستەوە”.

لەدەستپێکی شەڕەکەدا هێزێکی سۆشیالیست بارەگایان لەپشتئاشان بوو، بەدزی ‌و بێ ئەوەی حزبی شیوعی ئاگادار بکەن هەڵاتبوون… پارتی هێزی نەنارد. پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی دوو رۆژ قارەمانانە بەرگرییان کرد. دواتر بەچیای قەندیلدا، بەناو بەفرو زریاندا هەڵگەڕان‌و بەرەو دیوی ئێران شۆڕ بوونەوە. لەو شەڕەدا ٦٠ کادێرو پێشمەرگەی حزبی شیوعی شەهید بوون… سەرکردایەتی حزبی شیوعی، نامەسئولانە خۆی ‌و کادێر و پێشمەرگەکانی هاویشتە شەڕێکەوە، کە شەڕی ئەو نەبوو… سەرکردایەتی حزبی شیوعی، بەهاندان‌و پشتئەستوور بوون بەهێزی پارتی‌و سۆسیالیست چووە ناو شەڕ، کەچی ئەوان لەپشتئاشان بەتەنیا بەجێیانهێشت، دوای پشتئاشانیش لەناوچەکە هەڵاتن. تا کارەساتی پشتئاشان حزبی شیوعی لە کوردستان، دووەم هێزی سیاسی و چەکداریی بوو، دوای ئەوە لاواز و زەبوون کرا، پارتی و سۆشیالیست، لە کوردستان بوونە هێزی دووەم و سێیەم.ل٣١٨

دواتریش زیاتر دەڵێت: دوای کارەساتی پشتئاشان، مەکتەبی هەرێمی حزبی شیوعی و مەڵبەندی پێشمەرگەکانی هەولێر، چوونە ناوچەی بارزان، بەڵام چەکدارانی پارتی، لەگەڵ سوپای پاسداران، چوونە سەریان و بەزەبری چەك، ناچاریان کردن لەماوەی شەش ڕۆژدا ناوچەکە بەجێ بهێڵن. بەم جۆرە پارتی، بەکۆمەکی پاسداران، پاداشتی حزبی شیوعی دایەوە،،ل٣١٩

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا نووسەر دەڵێت: هەڵە و بەرپرسیاریی سەرکردایەتی حزبی شیوعی لە شەڕی نێوخۆدا هەرچەندێك بوو بێت، ناتوانێت پاکانە بۆ تاوانی پشتئاشان بکرێت، ئەمە پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچاوانی یەکێتیی نیشتمانییەوە.ل٣٢٣

عەزیز محەمەد

یەکێك لە سەرکردە دیارەکانی عیراق و کوردستان عەزیزی محەمەد بوو، ئەو بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ سکرتێری حشع بووە، هەربۆیە بەشێك لە مێژوونوسان ئۆباڵی لاوازی حزبەکە دەخەنە ئەستۆی ئەو.

رەفیق سابیر لەمبارەیەوە دەڵێت “دوای ئەو شکستە، لەناو حزبی شیوعیدا کۆمەڵێك کێشەی کۆن و نوێی سیاسی، ڕێکخراویی و فیکری دەرکەوتن، کە حزبیان لاوازتر کرد، ساڵی١٩٨٤ کۆنگرەی چوارەمی حزبی شیوعی لەشاخ بەسترا. پێش کۆنگرە بەهادین نوری ‌و مەلا عەلی بەپاڵ لەحزب وەدەرنران. لەو کۆنگرەیەدا بەناوی کاری نهێنییەوە، دەسەڵات درا بەعەزیز محەمەد، کە دە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبەکە دیاری بکات، بێ ئەوەی هیچ کەسێك ناوەکانیان بزانێت. عەزیز محەمەد بەدەنگی ئەو دە ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی، توانی لەناو کۆمیتەی ناوەندی، هەڵبژاردنەوەی خۆی بەسکرتێری یەکەمی حزبەکە، مسۆگەر بکات. هەروا توانی ئەو کەسانەی خۆی مەبەستی بوو، لەمەکتەبی سیاسی دایانبننێت، هەر کەسێکیشی بەدڵ نەبوو کەنارنشینی بخات. بەو جۆرە عەزیز محەمەد و بەرپرسانی تر کە حزبیان تووشی شەڕی نێوخۆ کرد، لەجیاتی ئەوەی سزا بدرێن، لەسێبەری شاخ و لەسایەی تفەنگدا، کرانەوە بەسەرکردەی حزب‌ و ئەندامی مەکتەبی سیاسی‌ و کۆمیتەی ناوەندی. ئەوان لەو شکستەشدا، وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون”.ل٣٢٢-٣٢٣

دواتریش هۆکاری وازهێنانی عەزیز محەمەد لە سکرتارییەتی حزب باس دەکات و دەڵێت: دوای هەڵوەشانەوەی بلۆکی سۆسیالیستی و تێکشکانی حزبەکەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان، هیوای بە حزبی شیوعی نەمابوو، بەلای زۆرەوە لەبەر ئەو هۆکارە وازی لە سکرتێری حزبەکەی هێنا، کە وەک قاوغێکی بێ ناوەڕۆکی لێ هاتبوو،ل٤٤٨

کارەساتی هەکاری

خاڵێکی سەرنجڕاکێشی تر کەلەم کتێبەدا بۆم دەرکەوت، قسەکردنە لەبارەی کارەساتی هەکارییەوە. رەفیق سابیر بەشێوەیەکی تر باسی هۆکاری ئەم کارەساتە دەکات و دەڵێت: ئێران لە کۆنەوە چاوی لە عێراق بڕیوە، بە قووڵایی خۆیی و بواری بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆی زانیوەو دەزانێت، لەرێگەی بزاڤی چەکداری کوردستانی عیراقەوە، توانیویەتی عیراق ئازار بدات و ملکەچی بکات، بۆیە تا بتوانێت ڕێگە نادات هیچ بزاڤێکی چەکداری لە کوردستانی عیراق ئەگەر خۆی کۆنتڕۆڵی نەکات، بەردەوام بێت، پەلاماردانی یەکێتی نیشتمانی لە هەکاری، لەلایەن چەکدارانی پارتییەوە، بەو ئامانجە بوو کە دەستی سوریا لە کوردستانی عیراق ببردڕێت.

بە بڕوای من ئەگەر یەکێتی بە کۆمەکی سوریا پەنای بۆ کاری چەکداری نەبردایە، دەوڵەتی ئێران ڕێگەی نەدەدا سەرانی پارتی، کە ئاشبەتاڵیان کردبوو لەبن دەستی و چاودێری دەزگای جاسووسیی ساواکدا بوون، چەک لەدژی عیراق هەڵبگرنەوە،،ل٣٠٠

بزووتنەوەی چەکداری نوێ

نووسەر رەخنە تەنها لە بزووتنەوەی چەکداری کۆن ناگرێت، بەڵکو رەخنە لە بزووتنەوەی چەکداری نوێش دەگرێت کەدوای ئاشبەتاڵ دروست بوو. لەمبارەیەوە دەڵێت: بزاڤی چەکداری کورد لە باشووری کوردستان، بۆ دووەم جار، بەبێ هیچ مەرج و رێکەوتنێکی سیاسی، چارەنووسی خۆی خستە دەستی ئێران، کە بە شێوەی ئامڕازێك دژی عێراق بەکاریهێننا.

دواتریش دەڵێت: ئەمریکا و هاوپەیمانان لە شەڕی کەنداودا، لەشکری عێراقیان بەزاند و زۆنی دژە فڕینیان، بۆ پاراستنی گەلی کوردستان لە پەلاماری دەوڵەتی عێراق، دروست کرد. ئەگەر کۆمەکی ئەمریکا و هاوپەیمانانی نەبوونایە، ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و کوردستانی، تا ئەمڕۆ بەشێوەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، لە مەنفا دەبوون.

سەرەتای شیعر و کتێب و دڵداریی

نووسەر لە کتێبەکەیدا، تەنها باسی سیاسەت ناکات، بەڵکو واز لە سیاسەت دەهێنێت و دەچێت باسی لایەنێکی تری ژیانی دەکات کە ئەویش ئەدەبە، ئەمەش دیوێکی جوانی ژیانی نووسەر پێکدێنێت و کە یەکێکە لە قەڵەمە جوانەکانی ئەدەبیاتی کوردی.

ئەو باسی سەرەتای ئەزموونی نووسینی خۆی دەکات کە بە شیعری دڵداری دەستیپێکردووە. نووسەر دەڵێت: سەرەتای شیعر نووسینم بە نامەیەکی دڵداری دەستپێدەکات،بەڵام قەت نەموێرا ئەو نامەیە بدەم بەو کچەی بۆیم نووسیبوو. ل٩١

گروپی ڕوانگە

دواتر بە ووردی باسی ئەزموونی خۆی لەگەڵ گروپی روانگە دەکات، تێگەیشتن و هۆکاری دروستبوون، لەهەمانکاتیشدا بەدرێژی باسی ئەوانەش دەکات کە بۆچیی و لەسەرچی دژایەتی گروپی روانگەیان کردووە.

نووسەر دەڵێت: بەشێک لەو ڕەخنانە بەمەبەستی سیاسی سیاسی نووسران، بەشێکی تریان پشتیان بە تێگەیشتنێکی میکانیکیانەی ئایدۆلۆجی بەستبوو، هەندێکجار تێکەڵ بە کێشەی کەسی دەکران، بەگشتی زۆربەی ڕەخنەکان پێوەندییەکی ئەوتۆیان بە شیعر و ئەدەبەوە نەبوو، بەڵکو زیاتر نووسینی کۆمەڵایەتی، ئایدۆلۆجی و سیاسی بوون.ل165

شیعر و کتێب

هەروەها باس لە ئەزموونی خۆی لەگەڵ شیعر و کتێب و خوێندنەوە دەکات، چۆن ئەم سێ شتە جیهانبینی و ژیانی ئەو دەگۆڕێت. رەفیق سابیر بەشێوەیەکی ئەدەبی جوان، شیعرئامێزانە، وەسفی شیعر و کتێب و خوێندنەوەی کردووە.

نووسەر دەڵێت: کتێب و شیعر و ئەدەبیات دونیاییەکی نوێی پڕ فەنتازیا، خەون، چاوەڕوانی و هیوایان پیشان دەدام، شیعر و ئەدەبیات، ئەو شتە بایەخدارانە بوون، کە هێز و خەیاڵیان دەجوڵاندم، جوانی ژیان، ئاسوودەیی و هیوام تێدا دەبینین،ل١٠٩

شیعرو ئەدەبیات ژیانیان لەلا جوانتر و دڵگیرتر کردم، توانای جوانناسی، هاوسۆزی و مرۆڤدۆستیان پەرەپێدام و هۆگری خۆشەویستیان کردم، خۆشەویستی ئینسان لەسایەی شەڕدا، نرخی فروجێکی نەمابوو، خۆشەویستی وڵات، کە وێنەی نێچیرێکی زامدار، رۆژانە خوێنی لەبەردەڕۆیی و تائێستاش ئەو نەزیفی خوێنە بەردەوامە. ل١٣٢

نووسین بایەخی وشە و دەسەڵاتی وشەی پیشان دام، گیانی مرۆڤدۆستی، پڕەنسیپی ئەخلاقی و هەستی بەرپرسیاریی بەتین کردم، سەرلەنوێ هیوای پێ بەخشیمەوە، بەو ئەنجامەی گەیاندم کە ژیان بێ هیوا، مردنێکی پڕ ئازار و لەسەرخۆیە، کوشتنی مرۆڤ، بەلای زۆرەوە کوشتنی نەتەوەیەکیش، بە کوشتنی هیواکان دەست پێ دەکات،ل ١٢٤

لەلایەکی ترەوە باسی ئەزموونی شیعر نووسینی خۆی دەکات، بۆ نموونە ئەو شیعرەی کە بۆ هەڵەبجە نووسیوە، سەرو ساڵێکی پێچووە تا تەواو بووە، بەداخەوە کەسێکی تر هەوڵ دەدات بیدزێت و بیکات بە ناوی خۆیەوە. شیعرێکی تری بەناوی ” پرسیارە بێ وەڵامەکان” کە بۆ مەرگی باوکی نووسیوە، پاش ٣٠ ساڵ تەواویکردووە.ل٤٥

شاری بەغدا

رەفیق سابیر لەو نووسەرە دەگمەنە کوردانەیە کە وەسفی شاری بەغدای کردووە، بە حوکمی ئەوەی بەغدا پایتەختی سیاسی عیراق بووە، وێنەیەکی باشی لای ئێمەی کورد نەبووە، بەڵام رەفیق سابیر وێنەیەکی تری ئەم شارەمان پیشان دەدات و لەزۆر شوێندا بە جوانی وەسفی دەکات: شاری بەغدا ناوەندی ئەدەبی و کولتووری عیراق بوو، تەنانەت ناوەندی ئەدەبی و رووناکبیری کوردیش بوو.ل١٢٦

ئەو ساڵانەی لەبەغدا بووم باوەشم بۆ ژیان کردبۆوە، شاری بەغدا لە هەموو روویەکەوە لەگەشەکردن، نوێبوونەوەو گەورەبووندا بوو، لەبەغدا هەموو دەرفەتێك ڕەخسابوو ، بۆئەوەی مرۆڤ ئەگەر بتوانێت، ڕێگای ژیانی خۆی بدۆزێتەوە،ل١٩٧

دواتر هۆیەکی ترمان پیدەڵێت کەبۆچی هێندە بەغدای خۆشدەوێت و دەڵێت: لەبەغدا فێری ئەوینداریی بووم، زیاتر لە کچێکم ناسی، کە شادی، وزەی کارکردن و ئیلهامی نووسینیان پێ بەخشیم،ل١٩٨

خۆشەویستیی و ئەوینداری

خاڵێکی جوانی ئەم بیرەوەرییانە ئەوەیە نووسەر پەوپەڕی ڕاستگۆیانەوەو بێ سڵەمینەوە باسی پەیوەندییە خۆشەویستییەکانی خۆی کردووە، ئەمەش لەناو بیرەوەری زۆرێك لە نووسەران و سیاسەتمەدارەکاندا دیارنییە، لەکاتێکدا خۆشەویستی ژن و پیاو، سروشتیترین و جوانترین شتی ژیانە، بەڵام زۆرێك خۆیان لەم تەوەرە دەدزنەوە.

نووسەر دەڵێت: ئەوین خۆشی، هیوا و بڕوا بەخۆبوون بە مرۆڤ دەدات، بەڵام بێ ئازار نییە، چونکە ئەوین هەست و سۆزە، کەمتر پێوەندیی بە عەقڵ و لۆجیکەوە هەیە.ل٣٦٣

رەفیق سابیر لەیەکەم چیرۆکی خۆشەویستی کە کاتێك هەرزەکار بووە لە قەڵادزێ ژیاوە، هەتاوەکو دوایین چیرۆکی خۆشەویستی کە ئێکای ژنیەتی باسکردووە. رەفیق سابیر پانتایی زۆری بۆ حکایەتی خۆشەویستی خۆیی و ژنە نووسەر ئەحلام مەنسوور داناوە، وەکو خۆی دەڵێت، شتێکی چاوەڕواننەکراو بووە. نووسەر باسی ئەوەش دەکات، کە کاریگەری باشی بەسەر ئەحلام مەنسوور هەبووەو لە یەکەم چیرۆکیشدا یارمەتی باشی ئەحلام مەنسووری داوە. دوای ئەوە نووسەر لە بەغدا و بەسرە و دواتریش لە مۆسکۆ و بولگاریا، ماشەڵلای لێبێت کۆمەڵێك خانمی نەتەوەکانی تر دەناسێت، لەوانە عەرەب و روس و ئەرمەنی و ئینگلیز و دواجاریش ئێکای خێزانی دەناسێت، کەئەویش خۆی لەخۆیدا چیرۆکێکی مەم و زین ئاسا بووە، چونکە حزبەکەی لەجیاتی هاوکاری بکات، رۆڵی دڕکی مەم و زینیان بینیووە.

چەند سەرنجێك

وەکو لەپێشدا وتم نایشارمەوە کە ئەم بیرەوەرییانە لەچاو بیرەوەری تر جیاواز بوو بەلامەوە، هەرئەمەش وایکرد کە ئەم چەند دێڕەی لەبارەوە بنووسم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم کارەش لەسەروو سەرنج و رەخنەوە نییە.

١- نووسەر رەخنەی توند لەسیاسەت و فیکری حشع دەگرێت، تەواوی ئەو رەخنانەش کە لە حشعی دەگرێت راستن، بەڵام کێشەکە لەوەدایە، کاتێك لەگەڵ سەرانی حزب ناگەنە دەرەنجامێکی باش لێکترازان لە حزبەکە دروست دەکەن کەسەرەتا بە ‘ شیوعییە کوردستانییەکان” دەناسرێن، دوایی پارتی کار دروست دەکەن، بەڵام ئەوەی روون و ئاشکرایە، پاشماوەیەك پارتی کار نەك ناتوانێت حشع تێپەڕێنێت، بەڵکو دواڕۆژێکی خراپتریشی دەبێت، بۆیە بە بڕوای من ئەو لێکترازانە هیچ خزمەتێکی بە بزووتنەوەی چەپ و ئازادیخوازی نەکرد.

هەروەها لەم کتێبەدا زیاتر رەخنە لە سیاسەت و فیکری حشع گیراوە، هیچ باسی گیانفیدایی و قووربانییەکانی ئەندام و لایەنگرانی ئەم حزبەی نەکردووە، دەبوایە نووسەر هەروەك چۆن پانتایی باشی بۆ رەخنە و گلەیی لە سەرانی ئەم حزبە گرتووە، کەمێك باسی خەبات و تێکۆشانیشی ئەم حزبەشی بکردایە بەتایبەتی هەستی شۆڕشگێڕی ئەندام و لایەنگرانی.

٢- نووسەر لەهەندێك شوێندا زۆر گشتگیرانە قسە دەکات، ئەو وەکو کەسێکی ئەکادیمی نەدەبوو بەوشێوەیە قسە بکات،دەبوو ئەکادیمی تر قسەی بکردایە بۆنموونە لەبارەی کەسایەتی تاکی کوردییەوە دەڵێت: دوو فاقییەکی سەیر لە کەسایەتیی مرۆڤی کورددا هەیە، کە لە باشووری کوردستاندا بینیومە، کەسێك گوایە کوردایەتی دەکات یان پێشمەرگەیە، کەچی دەبێتە جاش. ل 226

مەرج نییە ئەم تێڕوانینە بەسەر هەموو ئەوانەدا بسەپێت کە چەکی پێشمەرگایەتییان کردۆتە شان، چونکە خەڵکانێکی زۆریش بە ئامانجی پیرۆزە بوونەتە پێشمەرگە، بۆیە تێگەشتنێکی گشتگیرانەیە.

لە شوێنێکی تردا دەڵێت: مێژووی کورد پێش هەر شتێك، مێژووی شەڕی نێوخۆی نێوان خێڵ و بنەماڵە و میرنشینەکانە، کە بە کۆمەك و هاندانی دەوڵەتی عوسمانی یان ئێرانی، وێنەی مورتەزەقە لەنێو خۆیاندا و لەگەڵ یەکتر شەڕیان کردووە،ل٩٣

ئەمەش گشتگیر و خراپە، چونکە مێژووی کورد خاڵی جوانیشی تێدایە تەنها مێژووی شەڕی خێڵەکان نییە.

لە شوێنێکی تردا نووسەر دەڵێت: وەکو دەوترێت لە جەنگی ئێران و عێراقدا، دوو ملیۆن کەس کوژران، هەردوو وڵات ٤٠٠ ملیارد دۆلاریان خەرج کرد، عیراق سەد میلیارد دۆلار زیاتر بە دەوڵەتانی کەنداو و فەرەنسا و یەکێتی سۆڤیەت قەرزاربوو.ل٤١٤

نووسەر ئەم هەموو ژمارانەی نووسیوە بەڵام هیچ سەرچاوەیەك دیاریی نەکردووە، من لەو باوەڕەدام کە ئەو ژمارانەش موبالەغەی پێوە کراوە، ناکرێت تۆ وەکو نووسەرێك پشت بە ”وەکو دەوترێت” ببەستیت، بەتایبەتی کاتێك باسی مێژووی جەنگێکی ٨ ساڵەی ناسراوی جیهان دەکەیت.

٣- نووسەر تێگەیشتنی تایبەتی خۆی هەیە بۆ ڕەخنە هەیە، لە زۆر حاڵەتدا ڕەخنەی کوردی بە لاواز دادەنێت، بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە نووسەر لەتەواوی کتێبەکیدا نووسینی زۆر نووسەری کورد و ئەوروپی داناوە کە لەبارەی شیعرەکانییەوە نووسراوە، بەڵام هەموویان زیاتر ستایشی نووسەر دەکەن.

٤- لەرووی شیعریشەوە ئەوەی ڕوون و ئاشكرایە، بەداخەوە ماوەی چەندین ساڵە، ئێمە شیعرێکی نوێی هاوشێوەی ئەوانەی پێشووی شاعیرمان نەدیوە، لەهەمانکاتیشدا ئەو هەموو کارەسات و ماڵوێرانییە بەسەر کوردی چوار پارچەدا هاتووە، شاعیر نەیتوانیوە شیعرێکی هاوشێوەی ئەوەی هەڵەبجە بۆ ئەو کارەساتانە بنووسێت، بۆیە لەو باوەڕەدام رەفیق سابیر لەرووی شیعرییەوە ئەم چەند ساڵەی دوایی، لەچاو ساڵەکانی تری، کەم بەرهەم بووە.

٥- کاتێك باسی هۆکاری توندتیژی کۆمەڵگەی عێراقی دەکات، تەنها باسی هێرش و پەلاماری خێڵە بەدووە عەرەبەکان دەکات و بەهۆکاری سەرەکی ئەم توندتیژییەیان دادەنێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەگەر سەیری مێژووی عێراق بکەین، تەنها خێڵی بەدەووی عەرەب پەلاماری نەداوە، عێراق لە مێژوویدا، بەر هێرشی وەحشیانەی مەغۆلەکان، تورکە عوسمانییەکان، سەفەوییەکان کەوتووە، ئەوانیش وەحشیگەریی و دڕندەیی زۆریان لە عێراقدا کردووەو کاریگەری زۆر خراپیشیان لەسەر کۆمەڵگەی عێراقی داناوە.

دوا قسە

بەدڵنییایەوە ئەم کتێبەی رەفیق سابیر یەکێکە لە کتێبە باشەکان کە لەبارەی مێژووی سیاسی و ئەدەبی کوردییەوە نووسرابێت، زۆر گرنگە نەوەی نوێ ئەم کتێبە بخوێننەوە، هەتاوەکو دیوێکی تری ڕووداوەکانی پێشوتریان دەستبکەوێت.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*