رۆمانی سه‌حرای ته‌ته‌ران
ره‌ووف بێگه‌رد:
ڕۆمانی سه‌حرای ته‌ته‌رانم خوێنده‌وه. به‌كورتیی باسی قه‌ڵایه‌ك ده‌كات (باستیانی) كه له‌سه‌ر سنووری دوو وڵات دروست كراوه و له باكووره‌وه بیابانی ته‌ته‌ره‌كان تخوبی سنووره‌كه‌یه. له‌به‌رئه‌وه‌یش كه ته‌ته‌ره‌كان به‌ته‌مای هێرش كردن و گرتنی قه‌ڵاكه‌ن (به‌پێی بۆچوونی فه‌رمان ڕه‌واكانی وڵاتی خاوه‌ن قه‌ڵاكه) بۆیه به‌رده‌وام سه‌رباز و ئه‌فسه‌ری ناو قه‌ڵا له ئاماده‌باشیدان. به‌ڵام به‌پێی ته‌مه‌نی زۆری هه‌ندێك له ئه‌فسه‌ره فه‌رمانده‌كانی قه‌ڵاكه كه له‌وێ ماونه‌ته‌وه، نزیكه‌ی په‌نجا ساڵه ئه‌و چاوه‌ڕوانیه به‌رده‌وامه و كه‌چی هێرشه‌كه هه‌ر نه‌كراوه. نه‌ك له‌به‌ر هیچ زانیاریه‌ك كه له ته‌ته‌ره‌كانه‌وه دزه‌ی كردبێت و به‌ڵگه‌ی له‌شكركێشی و په‌لاماردان بێت، به‌ڵكوو گه‌وهه‌ری كێشه‌كه له‌وه‌دایه كه بوونی خودی په‌لاماره‌كه وه‌همێكی ڕه‌گاژووی بیری ناو قه‌ڵا و كاربه‌ده‌سته‌كانی ده‌وڵه‌ته.
دین‌و بوتزاتی نووسه‌ری گه‌وره‌ی ئیتاڵی، له‌ڕێی چاوه‌ڕوانیه‌كی بێ هووده‌وه، باس له زه‌مه‌ن و په‌یوه‌ندیه دینامیكیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ژیانی مرۆڤدا ده‌كات. هه‌روه‌ها به‌شێك له‌و خولیا و خه‌ونه فریوده‌رانه‌ی كه مرۆڤ به هه‌ڵوێستێكی ناجۆر و نادروسته‌وه ده‌به‌ستێت كه له‌ڕاستیدا جێی ئه‌و هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه نین. چونكه بۆشاییه‌كی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رن ته‌نیا مرۆڤه به‌تاڵه‌كان دڵی پێ خۆش ده‌كه‌ن.
كاراكته‌ریی سه‌ره‌كیی ڕۆمانه‌كه ئه‌فسه‌رێكه به‌ناوی (چیوڤانی درۆگۆ) ئه‌م لاوه ته‌مه‌ن نزیك بیست ساڵه شار به‌جێ دێڵێ و وه‌ك ئه‌فسه‌رێكی تازه ده‌رچوو له قه‌ڵاكه‌دا داده‌مه‌زرێت. ئیتر له‌گه‌ڵ هه‌ڵاتنی زه‌مه‌نی ناو قه‌ڵاكه‌دا، ئه‌و هه‌ڵاتنی ته‌مه‌نی خۆی له‌بیرده‌كات، به‌و هیوایه‌ی له دژی ته‌ته‌ره‌كان كه بیانه‌وێت په‌لاماری قه‌ڵاكه بده‌ن ئه‌وییش وه‌ك ئه‌فسه‌رێك (یان وه‌ك هه‌ر هاونیشتمانیه‌ك كه به‌رگریی له خاك و سنووری وڵاته‌كه‌ی بكات) به‌ر له دوژمن بگرێت و نه‌هێڵێت سنووری وڵاته‌كه‌ی ببه‌زێنن. یان هه‌ر خۆی مه‌به‌ستیه‌تی بمرێت، چونكه مردن بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندیی به ته‌مه‌نیه‌وه نیه ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندیی به بیروباوه‌ڕ و بۆچوونه‌كانیه‌وه هه‌یه به‌رانبه‌ر به خودی ژیان كه هه‌ر له سه‌ره‌تای لاویه‌تیه‌وه بیری لێ ده‌كاته‌وه.
دیاره له‌گه‌ڵ درۆگۆدا هه‌ندێك كه‌سی ترییش هه‌ر به‌م گریمانه‌یه دڵیان خۆشه. ئیتر چ ئه‌فسه‌ر بن له بابه‌تی ئورتیز و نیكو لۆژی و مونتی و ماتی، یان پزیشك بێت وه‌ك فردیناندۆ رۆڤینا و به‌رگدرووبێت وه‌ك پرۆدۆسیمو. به‌ڵام به‌رجه‌سته‌بوونی زه‌مه‌ن و دیدی نائومێدانه‌ی ژیان ته‌نیا له كه‌سایه‌تی جیوڤانی درۆگۆدا ده‌رده‌كه‌وێت كه زیاد له سی ساڵه له قه‌ڵاكه‌دا ده‌ژی و هه‌موو ته‌مه‌نیی لاویه‌تی خۆی تیا گوزه‌راندوه. ده‌ست به‌ردار بوونی له خۆشیه‌كانی ژیانی شار، مه‌رگی دایك و باوك و كه‌س و كاری، مانه‌وه‌ی به ته‌نیا و بێ هاوسه‌رگیریی ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و بیره نائومێدیه‌یه كه ئه‌و به‌رانبه‌ر به ته‌واویی ژیان هه‌یه‌تی و ناتوانێت لێی ڕزگار بێت. ته‌نانه‌ت له‌وكاته‌دا كه نه‌خۆشیی بڕستی بڕیوه و له مه‌رگی نزیك خستۆته‌وه، ئه‌و هێشتا له وه‌همێكدا ده‌ژی كه ته‌واوی بوون و ژیانی داغان كردوه. به‌و نه‌خۆشیه ترسناكه‌وه كه پزیشك پێی وتوه نابێت له قه‌ڵاكه‌دا بمێنێته‌وه و ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ شار و له‌وێ چاره‌سه‌ر بكرێت، كه‌چی هه‌ر سووره له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی ناو قه‌ڵاكه.
له ڕوانگه‌ی ئه‌و گریمانانه‌وه كه به‌رده‌وام هه‌واڵی تازه‌ی په‌لاماری ته‌ته‌ره‌كان ده‌گه‌یه‌نێت (له‌ڕاستییدا هه‌واڵێك نیه له ده‌ره‌وه بێت، به‌ڵكوو به هه‌قیقه‌ت كردنی وه‌همه‌كه‌یه له‌لایه‌ن ئه‌و سه‌رباز و ئه‌فسه‌رانه‌وه كه به‌رده‌وام به دووربین ته‌ماشای ڕێ و بانه‌كان ده‌كه‌ن، به هه‌ورێكی ڕه‌شی دوور و تارماییه‌كی ناچیز و ڕوناكیه‌كی بێ بنه‌ما نێو قه‌ڵا ده‌شڵه‌قێنن و شه‌یپووری ئاماده‌باشی و جه‌نگ لێ ده‌ده‌ن) له‌نێوان هه‌ڵبژاردنی مانه‌وه‌ی درۆگۆ له قه‌ڵادا و، ئه‌و مه‌رگه‌ی له ساته‌وه‌ختی گه‌یشتنی سوپای دوژمن‌دا (كه هه‌ر نایه‌ت) تووشی دێت، مه‌ودایه‌كی به فه‌لسه‌فه‌كردنی زه‌مه‌نه له ڕوانگه‌یه‌كی بووداگه‌راییه‌وه. چونكه كۆتایی ڕۆمانه‌كه به كۆمه‌ڵێك مه‌نه‌لۆژی درۆگۆ دێت كه مه‌ودای پرسیار و وه‌ڵامێكی بێ ئه‌نجامه له ژیان و بوون و مه‌وداكانی تری ئازادی هه‌ڵبژاردن. ده‌بێت ئه‌وه‌یش له‌بیرنه‌كه‌ین كه جیۆڤانی له سه‌ره‌تای ژیانیه‌وه، له‌وكاته‌وه بۆ یه‌كه‌مجار به‌رگی ئه‌فسه‌ریی له‌به‌رده‌كات، به ڕۆحێكی نائومێدانه‌وه ده‌دوێت و پرسیار له بێ مانایی ژیان ده‌كات، ته‌نانه‌ت زه‌رده‌خه‌نه‌ی نیه و له‌گه‌ڵ دایكی‌دا دڕدۆنگه. هه‌رچه‌نده دایكی زۆر میهره‌بانه له‌گه‌ڵیا، به‌ڵام ئه‌و (تاقه نرخێك چیه بۆ ئامۆژگاریه‌كانی دایكی دانانێ).
وه‌رگێڕی ڕۆمانه‌كه د. موحسین ئه‌حمه‌د عومه‌ری هاوڕێم زۆر سه‌ركه‌وتوه له هه‌ڵبژاردنی ئه‌م به‌رهه‌مه‌دا بۆ وه‌رگێڕان. كردنی ئه‌م كارانه به كوردی چ سه‌رچاوه‌كه‌ی چێژ لێ وه‌رگرتنی خودی وه‌رگێڕ بێت له‌و بابه‌ته، یان بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی كتێبخانه‌ی كوردی بێت به‌م كاره گه‌ورانه (من له یه‌كیان جیاناكه‌مه‌وه، هه‌رچه‌نده یه‌كه‌میان به سه‌ره‌كیی ده‌زانم بۆ گرنگیی زیاتردان به پرۆسه‌ی وه‌رگێڕانه‌كه و به‌رهه‌م هێنانی كارێكی تری ناوازه كه ته‌واوكه‌ریی تێكسته ئه‌سڵیه‌كه‌یه) هه‌وڵێكی پڕبایه‌خیشه بۆ ده‌وڵه‌مه‌نكردنی هزری ئه‌م نه‌وه تازه‌یه كه زۆریان زمانی تر نازانن و به‌رده‌وام له چاوه‌ڕوانیی نووسه‌ر و وه‌رگێڕه زمان زانه‌كاندان تا ئاشنای ئه‌م به‌رهه‌مه زیندوانه‌ی دنیابن.
دیاره زمانی وه‌رگێڕانه كوردیه‌كه وه‌ك گه‌یاندنی مه‌به‌ست و مانا گله‌یی زۆری له‌سه‌ر نیه. به‌ڵام وه‌ك خودی زمان كه خاوه‌ن سستم و سینتاكس و ئیستاتیكای تایبه‌ت به خۆیه‌تی له هه‌ندێك شوێندا به‌رخوردی نادروست و ناڕه‌وانی و ئاڵۆزیم كرد. من له‌وه بێگومانم كه خودی پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان له زمانی بیانیه‌وه ئه‌وه‌نده ئاسان نیه وه‌رگێڕ تووشی ساتمه و ته‌نانه‌ت هه‌ڵه‌یش نه‌بێت. یان له داڕشتنی په‌ره‌گراف و ڕسته و وشه‌سازی و ڕه‌وان بێژیدا كه‌م نه‌هێنێت و ئه‌مه‌یش به مه‌حاڵ ده‌زانم. به‌ڵام پێویسته خودی وه‌رگێر سنووربه‌ندیی حاڵه‌ته‌كان بكات و تا بتوانێت خۆیان لێ بپارێزێت. من لێره‌دا هه‌ندێك له‌و كه‌م و كورتیانه ده‌ست نیشان ده‌كه‌م به‌و ئومێده‌ی خوێنه‌ر سوودیان لێ ببینێت و دوكتۆری براده‌ریشم به سنگ فراوانیه‌وه وه‌ریان بگرێت.
[دوا ئاوازی شه‌یپوور ماوه‌یه‌كی زۆر (به هه‌ڵواسراوی له بۆشایی؟) مایه‌وه و دیواری سه‌نگه‌ره‌كان (زاڵه‌یه‌كیان ده‌نارده‌وه؟) و سه‌ره نیزه‌كان چه‌ند ساتێكی دیكه‌ش به‌رانبه‌ر به [ئاسمانی قووڵ تریسكانه‌وه؟]… كوڵۆنێل [له په‌نجه‌ره‌كه نه‌مابوو؟] (ل ٤٦)
ئه‌و وشه و ده‌سته‌واژانه‌ی خستومنه‌ته ناو كه‌وانه‌كه‌وه یان له شوێنی خۆیاندا به باشی به‌كارنه‌هاتوون یان خوێنه‌ر له مه‌به‌سته‌كانیان تێ ئه‌گات. به‌و كه‌سه‌ی له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌دا وه‌ستاوه و دوای ده‌ڕوات ده‌وترێت (به‌رپه‌نجه‌ره‌كه‌ی جێ هێشتبوو یان له به‌ر په‌نجه‌ره‌كه نه‌مابوو)
[ترونك كابرایه‌كی (گه‌وره‌نه‌بوو) لاوازبوو] به‌رانبه‌ر به لاواز ده‌وترێت زل یان قه‌ڵه‌و یان كه‌ته. به‌رانبه‌ر به گه‌وره بچووك هه‌یه. (ل ٤٧) [هه‌رده‌م سه‌ری (تراشراوبوو) نازانم وشه‌كه له ده‌ڤه‌رێك به‌و جۆره بوترێت به‌ڵام ئاسایی ئێمه ده‌ڵێین (تاشراوبوو) ل ٤٧.
وشه‌ی (خه‌ته‌رییه‌ك) زۆر به‌كارهاتوه (بڕوانه ل ٤٨، ٤٩ وه‌ك نموونه) كه ده‌شیا بكرێت به مه‌ترسیی [هیچ خه‌ته‌رییه‌ك له گۆڕێ نه‌بوو] پاشان ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و وشه‌یه‌ی به‌كاردێنا ده‌كرا بنووسێت (خه‌ته‌ر نه‌ك خه‌ته‌رییه‌ك) [هه‌ست ده‌كات هه‌ندێك له (ئاماده‌یی زیندوی) كوڕه‌كه‌ی بدۆزێته‌وه] نه‌م زانی ئاماده‌یی زیندوو مانای چیه (ل ٥٤)
(سه‌ربازه‌كان به‌ڕیز وه‌ستابوون له‌ناو به‌فرا) وه‌ك مانا ده‌گات، به‌ڵام وه‌ك ڕسته‌سازیی ده‌بوو بیوتایه سه‌ربازه‌كان به‌ڕیز له‌ناو به‌فره‌كه‌دا وه‌ستابوون (ل ٧٩)
(قه‌ڵای بچووكی ناو ئاسمان وه‌ستا و له بۆشایی ده‌بینران) نه‌م زانی مه‌به‌ست چیه (ل ٨٠) (زیاتر خه‌ریكی سه‌یركردنی ده‌ره‌وه‌بوو له په‌نجه‌ره‌كه؟) ڕاستیه‌كه‌ی زیاتر له په‌نجه‌ره‌كه‌وه خه‌ریكی… (ل ٨١)
(بێده‌نگیی ده‌گه‌یشته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه گوێت له لێ كردنه‌وه‌ی به‌فربێت له پێ) مه‌به‌ستی ته‌كاندنی به‌فره له پێ. (ل ٨١)
(گوێمان له هه‌نگاوه وشكه‌كانی كوڵۆنێڵ بوو) هه‌نگاوی وشك چیه؟
قه‌ڵایان له‌ناو (ئوبهه‌تێكی؟) وشه‌كه زۆر عه‌ره‌بییه و له هه‌ندێك جێگای تریشدا به‌كاری هێناوه كه ده‌كرا بنووسێت: قه‌ڵایه‌كی شكۆمه‌ند، شكۆدار، یان به‌ده‌بده‌به یان مه‌زن. (ل ٨٥)
(بۆ یه‌كه‌مین جار له‌گه‌ڵ كاپیتان له لێواری ئه‌و بانه شۆڕبووینه‌وه) له ڕووی ڕسته‌سازیه‌وه هه‌ڵه‌یه و ده‌بوو بڵێت: (له‌گه‌ڵ كاپیتاندا، بۆ یه‌كه‌مین جار به لێواری ئه‌و بانه‌دا شۆڕبووینه‌وه كه…) (ل ٨٥)
(كچانی جاق؟) نه‌م زانی جاق چیه؟ ئه‌گه‌ر چاقی فارسی نه بێت كه به‌مانای قه‌ڵه‌وه. (ل ٩٣)
(ده‌مزانی باشتره پووت له‌به‌رنه‌كه‌ی؟) پووت له‌پێ ده‌كرێت له‌به‌رناكرێت (ل ١٤٧)
(مونتی له‌به‌ر ماندووبوون هه‌ناسه‌بڕكه‌ی پێ گیرابوو؟) هه‌ناسه بڕكێی بوو یان هه‌ناسه‌بڕكه‌ی پێ كه‌وتبوو (ل ١٥١)
[تا ئه‌وكاته‌ی به‌فر له‌سه‌ر سه‌كۆكانی قه‌ڵا شل و خاو ده‌بوه‌وه؟] مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه به‌فره‌كه ورده‌ورده ده‌توایه‌وه. (ل ١٦٧)
[ئاو به درێژایی قه‌دی چیای پڕ له به‌رد و شاخی تیژ ده‌هاته خواره‌وه] مه‌به‌ستی (پڕ له ڕه‌وه‌ز و تاشه‌به‌رده‌كانه) (ل ١٦٧)
[گوێی له ده‌نگدانه‌وه‌ی زایه‌ڵه‌ی (ده‌نگدانه‌وه و زایه‌ڵه هه‌ر یه‌كێكن) نادڵنیایی سه‌مایه‌ك ده‌بوو له‌كاتێكدا شادی و خۆشی و جه‌ژن به‌ره‌و كپ بوونه‌وه و كوژانه‌وه ده‌چوو، ئاسمان له گه‌ڵاگزنگی به‌ره‌به‌یان و ڕوناك ده‌بوه‌وه. به هێواشی ڕه‌نگی سیس هه‌ڵده‌گه‌ڕا] (ل ١٧٦)
نازانم ئه‌گه‌ر ئه‌م په‌ره‌گرافه هه‌ڵه‌ی چاپی تێ كه‌وتبێت ئه‌گینا داڕشتنێكی ناڕه‌وان و مه‌به‌ست شێوێنه و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له وشه‌كان به یه‌كتر نامۆن.
[بۆچی ماریا له‌وێ له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌كه دانیشتوه و به ده‌ست نوێژ قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كا] مه‌به‌ست له ده‌ست نوێژ قسه‌كردن چیه؟ ڕه‌نگه هه‌ندێك په‌ند و ئیدیه‌م له‌ناو زمانێكدا باوبێت و مانایه‌كی مه‌جازی له‌خۆ بگرێت. به‌ڵام مه‌رج نیه له زمانێكی تردا بۆ هه‌مان مانا به‌كاربێت. ده‌بێت وه‌رگێڕ له زمانه‌كه‌ی خۆیدا به‌دوای جێ گره‌وه‌یه‌كی تردا بگه‌ڕێت كه ته‌واو له‌گه‌ڵیا بگونجێت. ده‌شێت له زمانی ئیتاڵیدا به ده‌ست نوێژ قسه‌كردن مانای كه‌م دویی یان قسه‌كردنی به ئه‌ته‌كێت بێت و لای ئێمه ئه‌و مانایه نه‌گه‌یه‌نێت.
[ماریاش زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی بێ خه‌تا؟]ی لێ هات. له مه‌به‌ستی (زه‌رده‌خه‌نه‌ی بێ خه‌تا) نه‌گه‌یشتم.
ئه‌م سه‌رنجانه نموونه‌یه‌كن و له‌وه‌یش بێ گومانم تا زمانی وه‌رگێڕانه‌كه ڕه‌وان و پاراو و دره‌وشاوه بێت خوێنه‌ر زیاتر به ده‌قێكی خودی زمانه‌كه‌ی ده‌زانێت و عاشقانه ده‌یخوێنێته‌وه و پێچه‌وانه‌كه‌یشی ڕاسته.
له ماڵپه‌يی یه‌کیتی نووسه‌رانی هه‌ولێر وه‌رگیراوه