رۆمانی (کۆلارەباز) لە نێوان ئەخلاقی کۆیلە و ئاغادا

رۆمانی (کۆلارەباز) لە نێوان ئەخلاقی کۆیلە و ئاغادا

بەفراو نوری

1
گەر مرۆڤ بیەوێت وێنەیەکی زیندوی لە کۆمەڵگا و سەردەمێک هەبێت یان بیەوێت تێبگات لە فیکر و فەلسەفەی سەردەمێک و لە سەرگەشتەگی و پەشێوی مرۆڤەکان، بێ گۆمان رۆمان یەکێ لەو شتانەیە کە گەر بە شێوەیەکی جوان و قووڵ نووسرابێت دەتوانێت ئەو وێنەیەمان بۆ بکێشێت. هەرچی ڕۆمانەکە شاکار بێت زیاتر دەمانباتەوە ئەو سەردەم و کۆمەڵگایە یان زیاتر ئاشنامان بە فیکر و فەلسەفە و جۆرەی مرۆڤەکان و ڕوانیان بۆ دونیا دەکات . بۆ نموونە من خۆم ئەوەندەی لە رێگای رۆمانەکانی توماس هاردی و دی ئێچ لارێنس و چارلێز دیکنز و زۆر ڕۆمان نووسی دیکەی سەردەمی ویکتوریا لە بریتانیا ، بە دۆخی خراپی ژنان ئاشنا بووم، لە رێگای کتێبی تیئورییەوە ئاشنانەبووم. لە رێگای توماس هاردیەوە، ژیانی خراپی ژنانم ناسی. کلتور و داب و نەریتی دواکەوتوی ئەو سەردەمەش لە رێگای لارێنسەوە کە هەم بە جوانی وەسفیان دەکات و هەمیش بە توندی دەیانخاتە بەر ڕەخنە و هێرشەوە، یان دیکنز ناشیرینی شاری لەندەن و ژیانی ئەو کاتەمان لە رێگای ئۆلیور تویست و شاکارەکانی دیکەوە پێ نیشان دەدات. یان لە رێگای داستایفسکییەوە روسیا دەناسین و لە رێگای هاینریش بل و گونتر گراسەوە ئاڵمان و سەردەمی نازی و دوای نازیمان لا ئاشنادەبێت. دەکرێت لە رێگای ڕۆمانە بەرز و باشەکانەوە مێژو و وڵات و فیکر وبیری خەڵکمان بۆ دەرکەوێت، یەکێ لەو رۆمانانەی مەبەستمانە زیاتر لێ ورد بینەوە و دەتوانین وەک رۆمانێکی قوول و ورد باسی لێوە بکەین کە توانیوێتی بە باشی گۆرانی مێژووی وڵاتەکەی و رووداوەکانی و فەزای شار و جۆرەی بیر کردنەوەمان بۆ دەربخات، رۆمانی کۆلارە بازە لە نووسینی خالد حوسەینی خەڵکی ئەفغانستان. خالد هەم لە رۆمانی هەزار خۆری درەوشاوە و هەم کۆلارە باز ورد باسی رووداوە مێژوییەکانی وڵاتی ئەفغانستانی کردوە. ئەوەی لێرە دا باسی دەکەین زیاتر رۆمانی کۆلارەبازە.
رۆمانی کۆلارەباز چیرۆکی کۆرێکە بە ناوی ئەمیر کە منداڵی پیاوێکی دەوڵەمەند و بەهیزی پەشتونی کابۆلە، دایکی ئەمیر لەسەر سک دەچێت و ئەمیریش لەگەڵ باوکی دەژێت، ماڵی ئەمیر خزمەتکارێکیان بە ناوی عەلی هەیە کە پیاوێکی فەقیری هەزارەییە کە عەشیرەتێکی فەقیر و بێ دەسەڵاتن و بەردەوام لای عەشیرەتەکانی تری ئەفغانەوە سوکایەتییان پێ دەکرێت، عەلی ژنەکەی بەرەڵایە و دوای لە دایک بوونی منداڵەکەیان بە ناوی حەسەن ، عەلی و حەسەن بە جێدهێلێت. حەسەن و ئەمیر پێکەوە لە کۆشکی ماڵی ئەمیردا منداڵی خۆیان دەبەنەسەر و پێکەوە هەموو رۆژ یاری دەکەن، ئەمیر بۆ ئەوەی سەرەنجی باوکی بۆلای خۆی راکێشێت زۆر جار وای لێدێت خراپی بەرامبەر بە حەسەن بکات ، باوکی ئەمیر دەیەوێت ئەمیر کۆرێکی بەهێز بێت وەک خۆی، ئەمیر کەم تا زۆر کورێکی خۆپەرستە و زۆر شتی نەشیاو بەرامبەر بە حەسەن دەکات ، لە بەرامبەردا حەسەن هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی وەفاداری خۆی بۆ ئەمیر بسەلمێنێت. لە رۆژێکدا ئەمیر بۆ ئەوەی زیاتر خۆی بخاتە بەرچاوی باوکی و خۆی نیشان بدات، لە کێبەرکی کۆلارە بازیدا بەشداری دەکات و سەردەکەوێت، حەسەن کە دەیەوێت دڵی ئەمیر خۆش بکات، لە بەر ئەمیر دوا کۆلارەی رەقیبەکەی ئەمیر دەگرێتەوە بۆی ، لە هەمان کاتدا لەگەڵ کورێکی شەرانی گەرەکدا کە ناوی ئاسفە و بە هۆی بیرکردنەوەی باوک و دایکییەوە هەر بە مندالی راسیست گەورەبووە و رقی لە عەشیرەتی هەزارەییە و رقی لە لاوازییە و بە منداڵی ئاشقی هیتلەریشە، ئاسف بە بیانووی ئەوەی کە حەسەن کۆلارەکەی ناداتی و کاتێک داوای لێدەکات نەیبات بۆ ئەمیر قەبوولی ناکات، بە یارمەتی هاوڕێکانی دەست درێژی دەکاتە سەر حەسەن. ئەمیر کە ئەم دیمەنە لە دوورەوە دەبینێت زۆر کاری تێ دەکات، لە هەمان کاتیشدا بە هەر هۆیەک بێت ناڕوات و بەرگری لە حەسەن ناکات، ئەوەش لە کاتێکدایە کە حەسەن جارێکی پێشووتر خۆی دەخاتە مەترسییەوە و لە بەرامبەری ئاسفدا لە ئەمیر بەرگری سەرسەختانە دەکات و ناهێلێت ئازاری بدات، بۆیە ئەمە بۆ هەمیشە وەک گرێیەک لە دەروونی ئەمیردا دەمێنێتەوە. ئەمیرهەست بە تاوان دەکات، بۆ ئەوەی لەو هەستەش خۆی رزگار بکات ئەم جارە خراپتر لە جاری پێشوو، دزییەک دەکات و دەیخاتە ملی حەسەن تا لە ماڵەکەدا بچن و بە تەواویش بتوانێت باوکی بەس بۆ خۆی بێت و بە بینینی حەسەنیش هەست بە تاوان نەکات. حەسەن کە کۆڕێکی راستگۆیە و لە ئەنجامدا دەزانێت کە کاری ئەمیرە بەڵام نایهێنێتە رووی خۆیدا و کاتێک باوکی ئەمیر لێی دەپرسێت ئیشی تۆ بووە دەڵێت بەڵێ و دواتریش هەرچەند باوکی ئەمیر زۆر داوا دەکات کە لە ماڵەکەدا بمێننەوە و نەچن، بەڵام حەسەن و باوکی لە بەر ئەمیر دەچن، چوون دەزانن ئەمیر بەو جۆرە ئاسوودەیە، دوای رۆشتنی عەلی و حەسەن و هاتنی شورەوی بۆ ئەفغانستان و داگیر کردنی ، ئەمیر و باوکی ئەفعانستان بە جێدەهێلن و روو دەکەنە پاکستان و لەوێوە بۆ ئامریکا سەفەردەکەن. لە ئامریکا، ئەمیر دوای چەند ساڵ باوکی دەمرێت و خۆی ژنێک بە ناوی سورەیا دەهێنێت و خۆشی دەبێت بە نووسەر، ژیانێکی ئاسودەی هەیە، تا لە ناکاو تەلەفوونێکی لە لایەن هاوڕێیەکی کۆنی باوکییەوە بۆ دێت لە پاکستان، کە دەیەوێت ئەمیر سەردانی بکات و بچێت بۆ ئەوەی رازێکی گەورەی پێ بلێت، ئەمیر دەچێتە پاکستان و لەوی رەحیم خان دەبینێت کە نزیکترین هاورێ باوکی بووە کە کاتێ باوکی لە ئەفغانستان بووە ماڵ و زیندەگی خۆی دەداتە دەستی رەحیم بۆی بپارێزێت. رەحیم باس دەکات کە دوای چەند ساڵ روشتوە بە دوای عەلی و حەسەندا بۆ ئەوەی بیانگەرێنێتەوە بۆ ماڵەکە و یارمەتیدەری بن تا کۆشکەکەی ئەوان بپارێزن. دەڵێت کاتێ رۆشتوم بە دوایاندا بینیومە لە گوندێکی فەقیر و هەژار نشینن و عەلی مردوە و حەسەن ژنی هێناوە و دوای رۆژێک هەرچەند حەسەن سەرەتا نایەوێت بگەڕێتەوە بەڵام دواتر دەڵێت بۆ ئەوی ماڵەکەی ئاغا ئەمیر بپارێزم دێمەوە و دەگەرێتەوە بۆ کابول. رەحیم هەر چەند داوا دەکات لە حەسەن کە لە یەکێ لە ژوورەکانی کۆشکەکەدا دانیشن بەڵام حەسەن قەبوولی ناکات و دەڵێت گەر وا بکەم و ئەمیر بگەڕێتەوە و بزانێت من چوومەتە ژوورەکانیان ناڕەحەت دەبێت و من کاری وا ناکەم، بۆیە هەر لەو ژوورەدا کە لە ناو حەوشەکەدایە و ژووری خزمەتکارانە لەگەڵ ژنەکەی دەژین. ژنەکەی منداڵێکی دەبێت و ناوی دەنێت سوهراب. دوایی حەسەن لە سەر پاراستنی کۆشکەکە لەگەل ژنەکەی لە لایەن حکوومەتی ئەو سەردەمەوە تیرباران دەکرێن و منداڵەکەشیان دەکەوێتە هەتیوخانە. رەحیم بە ئەمیر دەڵێت حەسەن برای تۆ بووە ، واتە باوکی ئەمیر کاتی خۆی پەیوەندی لەگەڵ دایکی عەلیدا بووە و حەسەن منداڵی باوکی ئەمیرە، بۆیە داوادەکات لە ئەمیر بگەرێتەوە بۆ ئەفغانستان و سوهراب منداڵەکەی حەسەن لەو دۆخە ناخۆشەی وڵاتدا بهێنێتە دەرێ و رزگاری بکات. ئەمیر سەرەتا نایەوێت بچێت، بەڵام رەحیم هەندی شتی پێ دەلێت وا دەکات بگەڕێتەوە بە دوای سۆهرابدا و بیهێنێت بۆ پاکستان و بیداتە دەست ژن و پیاوێک کە سەرپەرشتی لە هەتیوان دەکەن. ئەمیر کاتێک دەگەرێتەوە بۆ ئەفعانستان تێدەگات کە سوهراب لە هەتیوخانەکە لە لایەن ئاسفەوە کە ئێستا بووە بە تالیبان براوە و هەموو رۆژێک لەگەڵ دوو هاورێی تری دەست درێژی دەکەنە سەر. لە کۆتاییدا ئاسف و ئەمیر یەک دەناسنەوە ودەبێتە شەریان و ئەمیر بە برینداری لەگەڵ سوهراب رادەکەن بۆ پاکستان و لەوێوە تێدەگات کە رەحیم نەماوە و ئەو دوو کەسەش بریار بووە سوهرابیان بداتە دەست بوونیان نییە، بۆیە هەوڵ دەدات بیبات بۆ ئامریکا و بیکات بە منداڵی خۆی، بۆ بردنی زۆر تووشی کێشە دەبێت، بۆیە دەیوێت چەند مانگێک بیخاتە هەتیو خانە و دواتر ئیشی بۆ بکات بیبات، بەڵام سوهراب کە لە هەتیوخانە و ئەو شوێنانە زۆر ترساوە هەوڵی خۆ کۆشتن دەدات، بەڵام رزگاری دەبێت و لە دوای گەشتێکی سەخت دەگاتە ئامریکا.
2
ئەوەی لە سەرتاسەری رۆمانەکەدا دەبینرێت و بە جۆرێک تەوەری چیرۆکەکەیە، پەیوەندی حەسەن و ئەمیرە، کە شێوەیەکە لە پەیوەندی ئاغا و کوێلە، بە شێوەیەک کە ئەخلاقی ئاغایی و سەروەری ئەمیر لە بەرامبەر کوێلە و بن دەست بوونی حەسەندا دەگاتە دوا سنوری خۆی، ڕۆمانەکە زیاتر لەوەی مێژووی نوێی ئەفغانستان بێت، پەیوەندی ئاغایەکە بە کۆیلەکەیەوە. دەکرێت بڵێم کە خاڵی لاوازی ئەم رۆمانەش ئەوەیە کە کاراکتەری کوێلەی حەسەن ستایش دەکات، وەک ئەوەی کە حەسەن گەر خۆی دەخاتە بەر دەستی ئاسف بۆ ئەوی ئەمیر و خواستەکانی ئەمیر بپارێزێت ئەوا کاریکی باشە و کاراکتەرێکی بە وەفایە، یان کاتێک خۆی دەدات بە کوشت بۆ پاراستنی کۆشکی ماڵی ئەمیر ، یان بە ئەمیر دەڵێت بۆ ئەوەی بیسەلمێنم وەفادارم پێت پیسایی دەخۆم، یان کاتێک ئەمیر هەنار دەگرێتە حەسەن و هەموو شوێنێکی سوور دەکات و بۆ ئەوەی ئەمیر نەڕەنجێت هیچ نالێت، یان لە شوێنێکدا دزییەک کە ئەمیر خستویەتی ملی بۆ ئەوەی دڵی نەشکێت و رازی بێت قەبووڵی دەکات و دەیخاتە ملی خۆی، لە هەموو شوێنێکدا رەفتاری کوێلەی حەسەن بە جۆرێک نمایش کراوە کە دیارە نووسەر ستایشی کردوە و بە پۆزێتیف بینیویە، لە بەرامبەردا رەفتاری ئەمیر کە بەردەوام هەوڵی داوە خۆی بەهێز نیشان بدات وەک رەفتارگەلێکی مەزمووم و ناشیرین نیشان دراوە. نووسەر هیچ هەوڵی نەداوە لە باتی ستایش کردنی ئەخلاقی واڵا و بەرز، ئەخلاقی کوێلەیی و بن دەستی بخاتە ژێر پرسیار و ناشیرینی بکات، وەک ئەوەی بلێت نووسەر لە ژێر کاریگەری ئەخلاقێکی دینیدا بووبێت کە نیچە باسی لێوە دەکات. نیچە لە باسی ئەخلاقی واڵا و بەرز لە بەرامبەر ئەخلاقی کوێلەوە پێی وایە کە بنەمای ژیان و حەقیقەت لە سەر دەسەڵاتە و هەر شتێک کە دەسەڵات لە ناو ببات بە پەست و هیچ ناوی دەبات و هەر شتێک کە دەسەڵات و ژیان ستایش بکات بە واڵا و بەرزی دادەنێت، نیچە پێی وایە دەسەڵات بەرزترین بەها و پێوەری حەقیقەتە و بە پێوەری ئەخلاقی دەزانێت. لێرەوەیە کە لای نیچە دوو جۆر ئەخلاق هەیە، ئەخلاقی بەرز و واڵا و سەروەری لە بەرامبەر ئەخلاقی کوێلە و نزم. لای نیچە مەسیحییەت نموونەی زەقی ئەخلاقی کۆیلەیەتییە و دەڵێت ریشەی ئەم ئەخلاقەش دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی و ترس و نەبوونی متمانە بە نەفسی خۆت . دەڵێت لە روانگای مرۆڤی مەسیحییەوە مرۆڤی باش مرۆڤێکی فروتەن و خێر خواز و لە خۆ بوردە و میهرەبان و بە وەفایە. مرۆڤی باش کەسێکە کە ئازاری نەبێت بۆ کەس و نەبێتە هۆی غەم و ترس بۆ کەسی تر. مرۆڤی خراپیش مرۆڤێکە کە لەم فەزیلەتە ئەخلاقیانە بێ بەش بێت، نیچە هەر ئامێرێکی ئەخلاقی لەم بابەتە بە ئەخلاقی مەسیحی ناو دەبات و لە زۆر ئوسولی ئەخلاقی دونیای مودێرن کە لە ژێر ئەم ناوەدا دەردەکەونەوە ڕەخنە دەگرێت، خالد حوسینی لە رۆمانەکەیدا ستایەشی ئەو ئەخلاقی کوێلەتییە دەکات کە نیچە پێی وایە ژیان و جۆڵە و شور لە ناو دەبات ، نیچە پێی وایە ئەخلاقی مەسیحی درێژکراوەی ئەخلاقی یەهودییە کە بەردەوام پاسەوان و دیفاع کەرە لە مرۆڤی لاواز لە بەرامبەر مرۆڤی بەهیزدا و ئەمەش بە هێزێکی وێرانگەر دەزانێت بۆ مرۆڤایەتی، چوون لە هەلوومەرجی وادا و لە فەزای بەو جۆرەدا مرۆڤیک کە بەڵێ بە ژیان بڵێت و بە هێز و بە توانا بێت توانای مانەوەی نامێنێت. نیچە پێی وایە کە مرۆڤی لاواز دان بە ژیاندا نانێت و لە چوارچێوەی یاسا و دەستوری ئەخلاقیدا باسی لێوە دەکات، دەڵێت ئەم جۆرە مرۆڤانە هەر لە سەرەتاوە بە هۆی لاوازییانەوە مەحکووم بە نابوودی و لە ناو چوونن و یاسا ئەخلاقییەکانیان لە راستیدا بیانووێکن بۆ لە ناو چوونیان. لای نیچە بۆ ئەوەی ببیت بە مرۆڤی باڵاو بەرز دەبێت لە هێز و خۆشیەوە بەڵێ بە ژیان و دەسەڵات بڵێت و حەسێبێکی بەرزتر لە ئەخلاق بۆ خۆت بکەیت. ئەو حەسێبە و گرنگییە کە حەسەن بۆ خۆی داینەنا و نووسەر بە هۆیەوە ستایشی دەکات.
رۆمانەکە بە گشتی رۆمانێکی بە توانا و جوانە کە لە نێوان رووداوەکاندا بە جوانی باس لە مێژووی ئەفغانستان دەکات و لە زۆر شوێندا وەک رۆمانێکی ڕەمزییش خۆی نیشان دەدات. دەتوانین حەسەن و دواتریش سوهرابی کوری وەک نیشانە و هێمای ئەفغانستان سەیر بکەین و تێدەگەین کە هەرچۆن ئاسف دەست درێژی کردە سەر حەسەن و دواتر کۆرەکەی بەو جۆرەش دەست درێژی کرایەوە سەر ئەفغانستانیش و وڵاتەکەش بە هەمان چیرۆکی حەسەن و سوهرابدا تێپەڕیوە. پێکەنین و بزەی سەر لێوی سوهراب لە کۆتایی رۆمانەکەدا کە کۆلارەکە دەکەنە ئاسماندا خۆی نیشانەی ئەوەیە کە چۆن رۆحیەی سوهراب خەریکە وردە وردە چاک دەبێت، ئەفغانستانیش ئۆمیدی چاک بوونی هەیە و دەرگاکانی هیوا بۆ ئەبەد نەبەستراون .

له‌ دیواری فه‌یسبووکی باخی شار وه‌رگیراوه‌

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*