د. یوسف زەنگەنە

د. یوسف زەنگەنە
کورتەیەک لە ژییاننامەی بە پێنوسی خۆی
لە ١٩٤٩/٣/٥ لە گەڕەکی شۆڕیجەی کەرکووکی باشووری کوردستان، لە داییکبووم.
خوێندی سەرەتایی لە قوتابخانە شۆرجەی کوڕان و دوایی شۆرجەی کچان و صلاح الدین، تەواو کرد. ناوەندی لە ناوەندی إمام قاسم. ئامادەییم لە ئامادەیی (مصلی) تەواو کرد.
پۆلی پێنجی (إدبی) بووم کە لە شەوی نەورۆز ١٩٦٨/٣/٢٠، لە ئاکامی شەڕی براکوژیدا بۆ یەکەمجار بەر گوولە درام و لەبەر سەختی بریندارییەکە بۆ ماوەی زۆرتر لە ١٦ مانگ لە نەخۆشخانەو ماوەیەک زنجیر لە دەست و پێ ساغەکەم و ماویەکیش ئازاد ژیانم بردە سەر، کە بەو هۆیەوە لە تاقیکردنەوەی (بکالۆریا-وزاری) ساڵی ١٩٦٨-١٩٦٩ بێبەش بووم و ساڵی داهاتوو ١٩٦٨-١٩٧٠ وەکو قوتابی (خارجی) بەشداری تاقیکردنەوەم کردو بە رێژەیەک بەرز دەرچووم ئەوەی شایانە بگووترێت هێشتا هەر لەسەر تەخت کەوتبوم کە بە یارمەتی براکانم و خزمان بە تەختەکەوە دەیان خستمە پێکاپێکەوەو دەیان بردم بۆ هوڵی تاقیکردنەوە.
بۆ ئەوەی لە باسی خوێندم دوور نەکەومەوە، لە دوای هەرەسەکەی ١٩٧٥ کە چوومە ئێرانەوە کتووپڕ لە زانکۆی تاران بووم بە قوتابی و لیسانسم وەرگرت. کە لە ١٩٨٣ گەیشتمە بەریتانیا هەمدیس یەکەمین کارم ئەوە بوو لە زانکۆی لندن دەستم کرد بە خوێندنی ماستەر لە ئەدەبیاتی عرب و لەبەر ئەوەی نمرەکانی بکالۆریوسەکەم زۆر بەرز بوون لە پارەدان بەخشییانم. نامیلکەکەم لەسەر نووسەرو سیاسەتمەدارو پارلەمانتار محمد حسین هیکل بوو بە نێوی (سیاسەت، ئەدەب، نموونە محمد حسین هیکل) و پەنجەم خستبووە سەر کتێبەکەی (زینب)ی کە لە ١٩١٤ چاپی کردبوو.
کە ویستم لە فلسەفە دکتۆرا بکەم گووتیان دەبێت ماستەرەکەت یا لە سیاسەت بێت یا فەلسەفە، کە دووبارە ماستەرێکی دیکەم کرد لە زەردەشتناسی و نامیلکەکەم (زەردەشتی کورد، تاوانبارێکی بێتاوان) بوو. دکتۆرای یەکەمم لە فەلسەفە کرد و نامیلکەکەم بە نێوی، (تینی ئاینی زەردەشت لەسەر جوولەکە و ئیسلام) بوو. کە گرفتێکی گەورەی بۆ درووستکردم و تا ساڵی ٢٠١٩/١٢/٢٠ مافی بڵاکردنەوەیەم نیە چونکە کەوتە ئەو رۆژانەی کە گرفتەکەی سلمان رشدی دەستی پێکرد لەسەر کتێبەکەی (آیاتی شیطانی). لە پێناوی ئەوەدا بگەم بەو مەبەستەی کە لە مێشکمدایە دکتۆرای دووهەمم دەست پێکرد لە سیاسەت. نامیلکەکەم، (بزووتنەوە ناسیونالیستەکان لە رۆژەلاتی ناوەراست، ١٩٠٨-١٩٤٠) بوو.
دکتۆرای سێهەمم لە ئەدەبیات بوو لە ژێر نێوی (معروف رصافی، شاعر، سیاسەتمەدار، رێکخەرێکی کۆمەڵایەتی. لە ١٩٩٠ وە لە دانشگا جۆراوجۆرەکاندا وانە دەڵێمەوە. ئێستاش خانەنشین بووم بەڵام سەرپەرشتی قوتابیانی دکتۆرا دەکەم و سیمینار بۆ مامۆستای زانکۆکان پێشکەش دەکەم و جاروباریش ئەگەر کات یارمەتیدەر بێت بابەتە دەرسییەکان دەنووسم کە لە هەندێ لە زانکۆکاندا دەگووترێتەوە.
لە تەمەنێکی زۆر زوودا چومە جیهانی سیاسەتەوە، لە پێشدا بە خوێندنەوەی نشرەکان لە کۆبوونەوەکاندا دەست پێکرد، ئەوەی سەیر بوو کۆبوونەوەی پارتی و شیوعیش، چونکە لەو سەردەمەدا چی بەر لە شۆڕشی ١٩٥٨ و دوای ئەوەش لە نێو تەمەندارانی گەڕەکەکەماندا خوێندەوار زۆر کەم بوو ئیتر کەڵکیا لە ئێمە وەردەگرت، پاش ماوەیەک وام لێهات کە زۆر جار بۆ گەرم راگرتنی کۆبوونەوەی پارتییەکان خۆم شتم دەنووسی و دەمخوێندەوە چونکە دەزگای راگەیاندنیان لەو سەردەمانەدا هەم لاواز بوو هەم گەیشتنی بە کەرکووک زۆر سەخت بوو. بەو هۆیەوە لە ١٩٦٣/٣/٥ شەرەفی ئەندانییەتی پارتیان پێدام کە لەو سەردەمەدا لە کەرکووک بچوکترین ئەندام بووم و هەر لەو رۆژەدا بە فەرمی بووم بە پێشمەرگە، بەڵام لقی سێ وایان بە باشزانی کە لە نێوەوە بمێنم.
لەبارەی نووسینەوە وەکو سیاسەت زوو دەستم پێکرد و لە دووی ناوەندی بووم کتێبی (گەشت بۆ نمرە هەشت)م نووسی بە چەند ژمارەیەکی کەم و پارەی گیرفان کۆ کردنەوەی هاوڕێیانی قوتابیم کە باسی لە گەشتێک دەکرد کە لە قۆتابخانەی کچانی شۆرجەوە بردمانین بۆ دووبز (نمرە ٨) پێنج ساڵ بەر لە چاپکردنی کتێبەکە. بەم زووانە دووبارە لە چاپی دەدەمەوە چونکە خۆشبەختانە یەکێک لەو کتێبانەیە کە رەشنووسەکەیم لە جانتاکەی کۆبانیمدا دەستکەوتەوە. ئەو کتێبە گرفتی خێزانی زۆری بۆ درووستکردم کە ماڵەوە بە داخەوە کە بەشی هەموویان نەخوێندەواری بوو پێیان ناخۆش بوو و بەڵایانەوە شەرم بوو کە کوڕیان نووسەر یا شاعر بێت. بەڵام هەرگیز کۆڵم نەدا ئەگەرچی بە بەرچاوی خەڵکەوە بە نیشانەی نارازی دانەیەکیان دڕی و خستییانە ژێر پێ.
دووهەم کتێبم (چوارینەکانی یوسف صدیق زەنگەنە بوو) کە لە مانگی ١٠ی ١٩٧٠ بڵاو بووەوە. لە پاشان تاوەکو ئێستاش کەم کەم هەر خەریکم کتێب بڵاو دەکەمەوە و نێوەکانیان چاپکراوو نەکراوە لە کۆتایی کتیبەکانمدا هەیە. پێنج کتێبیش کە هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووم دەستم بکەونەوە پاش ٣٢ ساڵ لە کۆبانی دەستم کەوتن و لەوەدایە پاش دەستکارییەکی کەم لە شێوەی رێنووس و زاراودا لە چاپیان بدەم. تا ساڵی ١٩٧١ لە کەرکووک بووم لە گەڵ ئەوەشدا لە مفاوضات بووین لەگەڵ بغداد بڕیاری دوورکردنەوەم بۆ دەرچوو. دیسانەوە رووم کردە چیاو چوومە ناوچەی باڵەکایەتی و لەویش دەزگای پاراستنی ئەو سەردەمەی شۆڕش لەسەر نووسینەکانم و چەند نامەیەک بۆ خوا لێیخۆشبێ بارزانیم (ملا مستەفا) نووسی دووریان خستمەوە وەکو کادرێکی سیاسی بۆ ناوچەی بادینان لە راستیدا وانەبوو کە پێیان گووتم، لە بادینان ئەوەی دەتەوێت دەتوانی بیکەیت تەنها باس لە سیاسەت نەبێت، بە کوورتی لە دهۆک نیشتەجێ بووم، تا کتێبی (دهۆک و سەربەستی ئافرەت)م بڵاوکردەوە کە مەلاکان بە کفر لە قەڵەمیان داو، دیسانەوە گەڕامەوە بامەڕنی و بە یارمەتی خوا لێخۆشبوو اسعد خۆشەوی بۆ چۆمان و تا کۆتایی شۆرشەکە. لەو ماوەیەدا چەندین سەفەری دەرەم کرد چی بۆ چارەسەری و چی بۆ دەورە بینینو کاروباری سیاسی. تا ١٩٧٣/٩/٢٩ ئەندامی پارتی بووم بەڵام لەو رۆژەدا وازلێهێنانی خۆم راگەیاند لەسەر ئەوەی کە بۆ زۆرمان دەرکەوت کە دیسانەوە شۆرشەکە سەد لە سەد کەوتە بندەستی ئێرانەوەو منیش حزم دەکرد وکە لەوەبەر نووسیبووم بە رەشمەکەی بە دەستی خۆمانەوە بێت.
کۆی گشتی سێ جار بریندار بووم، جاری یەکەم وەک باسم کرد لە ١٩٦٨ و دووهەم لە دهۆک لە کاتی هێرش بۆ دایەرەی ‌أمن بۆ رزگارکردنی پێشمەرگەیەکی هاوڕێ ئەگەرچی دانوستانیش بوو لە ١٩٧٢. جاری سێهەم لە ١٩٧٤/٤/١٧ لە چیای گۆرەس، هەفتەیەک بە لە بۆمباران کردنی زانکۆی قەڵادزی.

هەندێک لە بەرهەمەکانی د. یوسف لە هەواڵنامە:-
١- بێچووە چۆلەکە و رابەرانی کورد
٢- ژن سەرچاوەی شعرە
٣- نەسرین – تابلۆیەکی خوێناوی لە کوردستانەوە
٤- کیژە کوردە بەرلینییەکە
٥- کیژێك نێوی پێنج خاڵە
٦- کوردستان سەرزەمینێکی جادوولێکراو
٧- رووداوی دڵتەزێن، وڵاتی شارەزەردەواڵەکان
٨- ماچێك کە هەرگیز نەگەیشت
٩- لاوانەوەیەکی بێدەنگ بۆ کەرکووك
١٠- پەپوولەی باڵ شکاو
١١- پەیامی پەڕەسێلکەکانی چیای پێڕس
١٢-مامۆستا بێویژدانەکانی قوتابخانەی دێیەکەمان
١٣- کورد و شۆڕشی ١٤ی گەلاوێژی ساڵی ١٩٥٨ی عێراق
١٤- خۆشم ناوێی ئەی ناشیرین
١٥- فرمێسکەکانی شەوبۆ
١٦- قەنارییەکان باس لەجوانی تۆ دەکەن
١٧- کچانی چیای قەندیل و کۆبانی
١٨- شێخ عبدالرحمانی شۆرجە لە بیرەوەرییەکانمدا
١٩- ماچی پێش مردن
٢٠-
٢١-
زۆر سوپاس بۆ بەرێز دکتۆر یوسف بۆ ناردنی ئەم بەرهەمانە بۆ هەواڵنامەی کتێب هیوای تەمەن درێژی و بەرهەمی زیاتر.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*