رۆمانی خۆڵە خۆشەویستەکەی ناو چاومان

رۆمانی خۆڵە خۆشەویستەکەی ناو چاومان، نووسینی ناسر حەفید

ڕەفیق سابیر

*خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە بەرەو ڕامان، ڕوونبینی، بیرکردنەوە و پرسینمان دەبات

نوێترین بەرهەمی نووسەر و شاعیرناسر حەفیدڕۆمانێکە بە ناوی (خۆڵە خۆشەویستەکەی ناو چاومان) کەساڵی ٢٠٢١ لە سلێمانی بڵاو کراوەتەوە. ئەم ڕۆمانە، کە دەکرێ بە ڕۆمانی بایۆگرافی ناوی بەرین،باسی سەردەمی دوای ئاشبەتاڵی ساڵی ١٩٧٥ و هەشتاکانیسەدەی پێشوو دەکات، کە لاموایەسەختترینقۆناخی مێژووی نوێی گەلەکەمانە.لەو ساڵانەدا گەلی باشووری کوردستان، بە ئاگری سێ شەڕ دەسوتا، شەڕی دەوڵەتی عێراق و بزووتنەوەی چەکداریی کورد، شەڕی نێوان هێز و لایەنە چەکدارەکانی شاخ، شەڕی عێراق و ئێران.

ئەو ساڵانە ستەم وتیرۆریبەعس هەموو سنوورێکی بەزاندبوو،بەڵام خەڵک بە ورەیەکی بەرز و بە ئومێدی داهاتوویەکی باشتردەژیان.بەپێی توانا کۆمەکیان بە بزاڤی چەکداریی شاخ دەکرد، بەو هیوایەی لە ستەمی بەعس دەرباز ببن و داهاتوویەکی نوێ بۆ خۆیان و بۆ نەوەی دواڕۆژ دەستەبەر بکەن. سەدان خێزان لەبری کوڕە پێشمەرگەکانیان زیندانی کران، یان دەستبەسەر بۆ باشووری عێراق نێردران، بەڵام ئەوان، بە ورەی بەرزەوە، بەرگەیان گرت. کەچی کوڕەکانیان، لە شەری نێوخۆدا، بە دەستی پێشمەرگە کوژران.لەم ڕۆمانەدا چەند نموونەی ئەو کەس و خێزانە جوامێرانە، بە وردی باس کراون.

قارەمانی ڕۆمانەکە (پیران) قوتابییەکی زانکۆی سلێمانییە، لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری شارەکەیە، کە بەشێکن لە نەیارانی رێژیمی بەعس. زۆربەی هاوڕێکانی چالاکوانی سیاسین،بۆیە ئاگاداری کار وچالاکیی نهێنییئەوانە. کاتێک لەبەر مەترسیی گرتن و لەسێدارەدان روو لە شاخ دەکات، لەوێ بەسەرشەڕ و کوشتاری نێوان پێشمەرگەی حیزب و لایەنە چەکدارەکاندا دەکەوێت.دەبینێتهەندێک لە قوربانیانی دوێنێ، کە لە ستەمی بەعس دەرباز بوون، لە شاخ بوونەتە جەلاد،دیلکوژ و قارەمانی شەڕی نێوخۆ.

نووسەروەک ڕووناکبیرێکی سەربەخۆڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، پێشانمان دەدات، کە بزووتنەوەی چەکداری و شەڕی نێوخۆ،تا چ ئەندازەیەک توانیویانە هێزی شەڕخوازی و وێرانکاریی ناو کۆمەڵی کوردستانبێدار و چالاک بکەنەوە. لەبری ئەوەی ئەو هێزە بەرەنگاری دوژمنی سەرەکی ببێتەوە، ئاگری شەڕی نێوخۆی پێ خۆش دەکرێت. سەرەنجامدووبەرەكێ، کینە و دوژمانیەتی،لە شاخەوە بەرەو شار دەکشێن،وەک پەتا بە شەقام و گەڕەک و کۆڵاناندا بڵاو دەبنەوە. کەسانێک کە ساڵانێکی زۆر، لە گەڕەک و شارۆچکە و شاری خۆیاندا، تەبا و دۆستانە پێکەوە ژیاون، لەپڕ ڕق و ناخۆشی دەکەوێتە نێوانیان. ئیتر کینە و دووبەرەکێی سیاسی تێکەڵاوی ژیانی خەڵک دەبن.لێرەوە سەرەتای لەتکردن و بنکۆڵکردنی کۆمەڵی کوردستان دەست پێ دەکات، کە تا ئێستا بەردەوامە.ئەو کارەی بە دوژمن نەدەکرا، بەدەستیهێزی نێوخۆ ئەنجام درا.

هۆبس ‌لای وایە کە شەڕی نێوخۆ، لە چاو شەڕی دەرەکی، شوێنەواری قووڵتر بە جێ دەهێڵێت،کە زۆر درەنگتر لەبیر دەچنەوە. چونکە مرۆڤ ڕۆژانە چاوی بە دراوسێکانی دەکەوێتەوە،ئاگاداری ژیانیانە. بەڵام ئەگەر دوژمنایەتییەکە لەگەڵ کەسانی دوور بێت، کە لە شوێنی تر دەژین، ئەوا کەمتر بیری دەکەوێتەوە، ئاسانتریشلەبیری دەچێتەوە.

بریتانیا، فڕەنسا و ئەڵمانیا، لە دوو شەڕی جیهانیدا، بەگژ یەکتردا هاتن، دەیان هەزار کەسیان لە یەکتر کوشت، کەچی ساڵانیکی زۆرە دۆست هاوپەیمانی یەکترن. ئەمریکا لە شەڕی دووەمی جیهانی، لەگەڵ جاپان و ئەڵمانیا بەشەڕ هات، بەڵام زۆر زوو لەگەڵیان ئاشت بۆوە، کەچی شەڕی نێوخۆی ئەمریکا ١٨٦١-١٨٦٥ دوای ئەو هەموو ساڵانە هێشتا شوێنەواری ماوە. خەڵکیویلایەتەکانی باشووری ئەمریکا، کە شەڕی نێوخۆی تێدا بوو، تا ئێستا حەساسییەتیان بەرامبەر بە ویلایەتەکانی باکوور هەیە.

ئەمە ئەو ژەهرەیە کە دەیان ساڵە بزاڤی چەکداریی کورد، لە باشووری کوردستان، بە ناوی گوایا کوردایەتی و شۆڕشەوە،ڕشتوویەتی و دەیان ساڵی تریش شوینەواریان هەر دەمێنن.

لە رۆمانی (خۆڵە خۆشەویستەکەی ناو چاومان) دیوەتاریکەکەی بزووتنەوەی چەکداری، کە جەوهەرەکەیەتی، بەڕوونی دەبینین.ئەو هێزە چەکدارە ڕاونراوانە، پشتیان لە دوژمن کردووە، سەرقاڵی ڕاونان و لەناوبردنی یەکترن. لاموایەهێندەی پێشمەرگە لە شەڕی نێوخۆدا بەکوشت دراون،ئەوەندەلە شەڕی دەوڵەتی عێراقدا شەهید نەکراون. بەمەش پێشمەرگە، لە قارەمانی نەتەوەییەوە، کرایە قارەمانی شەرینێوخۆ!.

دەوترێت هیچ شتێک لە نەبوونەوە نایەت،هەر شتێک پێشینەی خۆی هەیە، ئەم ڕۆمانە یارمەتیمان دەدات، لەرێی ڕووداوەکانی دوێنێوە، ئەمڕۆ بخوێنینەوە. لەوە بگەین کە بۆچی لە دوای ڕاپەڕینەوە لە هەرێمی کوردستان،کوشتنی ئینسانلە کوشتنی پشیلەیەک ئاسانتر بووە!لەبەرچی ئەو هەموو ستەم و تاوان و بێدادییە بەرامبەر بە خەڵک دەکرێت و هەرێمی کوردستان کراوەتە کوشتارگەی ژنان؟ ئایا دەستگرتن بەسەر دەسەڵات و سامانی وڵاتدا،ئەو هێزە چەکدارانەی شاخیان گۆڕی بە هێزی فاسید و ستەمکار، یان ئەوان لەبنەڕەتدا هەر وابوون.

دوای خوێندنەوەیڕۆمانەکە چەندان پرسیار لای خوێنەر سەرهەڵدەدەن، دروستی و ڕەوایی ئەو بزاڤە چەکدارییە، کە بە ناهەق بە شۆڕش ناو دەبردرێ، دەخەنە ژێر پرسیارەوە، لەوانە:

ئایا ئەو بزووتنەوە چەکدارییە،بەو ڕابردووە خوێناوییەی کە هەیەتی،دەیتوانی مۆدێلێکی حوکمڕانییباشتر پێشکەش بکات؟

ئایا بزووتنەوەکەلە بنەڕەتدا بزاڤێکی ڕزگاریخوازیی بوو، یانچەتەگەری، کەدەوڵەتانی ناوچەکە وەک ئامرازێک بۆ داڕمانی کۆمەڵی کوردستان بەکاریان هێنا.سەرەنجام ئەو بزاڤە کرا بەکۆمپانیای خوێن ووڵاتکوژی، کە دەیان ئاغای شەڕ و ملیاردێر و سەدان ملیۆنێری هێنایە بەرهەم و باشووری کوردستانی گۆڕی بە چەتەستان؟

لە حیکایەتێکی هەزار و یەکشەوەدا، کە باس لە وەزیری مەلیک یۆنان و حەکیم ڕۆیان کراوە، هاتووە:

(ستەمکاری لە دەڕوونی مرۆڤدایە، هێز و دەسەڵات دەری دەخەن، لاوازی و بێدەسەڵاتی دەیشارنەوە.)

تا ئێستا چەند بیرەوەری، باس و نووسین لەبارەی ئەو سەردەمە و بزووتنەوەی چەکداریی لە کوردستان بڵاو کراونەتەوە. ئەوەی من بینیومن،بەدەگمەنیان بێلایەنانە نووسراون. هەندێکیان دیوی دەرەوەی رووداوەکان، بە ڕتوشکراوی دەردەخەن. یان لایەنگرانە دەدوێن ولایەنی تر تومەتبار دەکەن. هەشیانە نووسەرەکەی، زیاتر لە قارەمانێتیی خۆی دەدوێت، دەیەوێت بلیمەتی و ئازایەتیی خۆی بگێڕێتەوە، یان وەک کەسێکی بچووک خۆی بە گەورە پێشان بدات.

لە ڕۆمانی (خۆڵە خۆشەویستەکەی ناو چاومان)نووسەرەکەی وەک کەسێکی سەربەخۆ،لە ڕوانگەیەکی فراوان و بێلایەنانە دیمەنەکان وێنا دەکات. دیوی ناوەوەی ڕووداوەکان دەبینێ و بە وردی سەرنجیان دەدات. لە ڕوانگەی قوربانییان نەک جەلادانەوە، لایەنێکی گرینگی مێژووی ئەو سەردەمە دەگێڕێتەوە.بۆیە خوێنەر دەتوانێت متمانە بە گێڕانەوەکەی بکات، ئەمەش مەرجێکی سەرەکیی رۆمانە.

زۆر جار بۆ ئەوەیباشتر، یان بە دروستی لە هەندێک لایەنی میژووی نەتەوەیەکتێ بگەین، دەبێت لە داهێنانی ئەدەبی و هونەریدا بۆی بگەڕێین. ئەگەر شمشێرێک و قەڵەمێکی خوێری بتوانن مێژووی سیاسی بنووسنەوە، ئێستاتیکا مێژووی راستەقینە، لە داهێنانێکی ئەدەبی، یان هونەریدا، وێنا دەکات.

رۆمانی (خۆڵە خۆشەویستەکەی ناو چاومان) بە تێڕامانی فەلسەفی و لێکدانەوەیکۆمەڵایەتی و سایکۆلۆجی بەپێزتر کراوە. هەندێک پێشهات و ڕووداو بە جۆرێکی لۆجیکییانە لێک دراونەتەوە، هەندێکی تریشیان بۆ خوێنەر جێ هێڵدراون.

خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە بەرەو ڕامان، ڕوونبینی، بیرکردنەوە و پرسینمان دەبات.

لێرەدا بڕگەیەکی کورتی ڕۆمانەکە دەنووسمەوە:

(شێتی لێ دەربکەیت، ئەقڵی مرۆڤ تەنهائەقڵی خۆی نییە. شەڕ هەر لە بەرەکانی جەنگدا نییە، ڕقێکە هەموو کەسێک دەگرێتەوە. هەوایەکە وڵاتی تێ هەڵدەکێشرێت. ڕق لە هەندێک شوێندا خەست دەبێتەوە. مرۆڤ گوللە دەنێن بە یەکترییەوە، ئەشکەنجە دەدەن و دوژمن سەردەبڕن. لە ئەوانەی دندا(تردا)ڕق تەنکە، کەسەکان قسە لەگەڵ یەکتری ناکەن، گوێ لە یەک ناگرن. هەموو شتێکی یەکتریان پێ هەڵە و دزێوە. بە تیاچوونی یەکتری خەنیی دەبن. جەنگ لە خەستترین شوێندا لەسەر قاچی شوێنە تەنکەکان ڕاوەستاوە. ئێمە لە ماڵەوە، لەسەر جادە، لەسەر ئیش بە ڕقەکەی ناو دڵمان، ڕقی چەکدارەکانمان بەرانبەر بە یەکتری لە بەرەی جەنگدا ڕادەگرین. ئەگەر هەر یەک لە ئاستی خۆیەوە ئەوی دی بە هاوسەفەری خۆی بزانێت لەسەر ئەرز، چەکداری نەگبەت ڕق لە کوێوە بهێنێت جەنگی پێ بکات. ڕق خۆ لە شیری دایکدا نەبووە. جەنگ شەڕی هەژار خۆی نییە. جەنگێک هەژار بۆ خۆی بکات ئەوەیە خۆشەویستیی چەکەکەی پی فڕێ بدات

من هەر چۆنێک بیر بکەمەوە، هەڵوێستم چی بێت، هیچ لەو دنیایە ناگۆڕم کە تێی کەوتووم. ئەو ڕەوشەی تێی کەوتووم لەگەڵ هەناسەدا هەڵی دەمژم. ئەگینا چەند جارێک بریارم دا خۆمی تەریک لی بگرم. کەچی دەستی ئەو درێژترە لە هی من، دەمکات بە بەشیک لە خۆی.لە ڕاستیدا دەسەڵاتە گەورەکان پێویستییان بەوە نییە مرۆڤەکان چۆن بیر بکەنەوە. ئەوان بارێک دەخەنەوە هاووڵاتان تێی بکەون. ئەوسا هەر کەسەو لە ئاستی خۆیەوە ناچار دەبێت مەلەی تێدا بکات. گرنگ نییە لەگەڵیت یان دژ، گرینگ ئەوەیە بەو ئاوە تەڕ ببیت کە دەسەڵات ڕشتوویەتی. من دەزانم ئەگەر نەگیرێم و لەدار نەدرێم ئێستا تفەنگێک لە شوێنێک چاوەڕێی منە بیکەمە شانم.(ل ٢٣٥-٢٣٦)

 

 

 

 

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*