گەڕانی وجودیانە بە دنیادا

گەڕانی وجودیانە بە دنیادا

سازدانی:  ئاننا فرانکلین

لە سویدییەوە: ڕزگار شێخانی

 لە بری پێشەکی:

بەم نزیکانە سێ کتیبی نوێی شاعیر و نووسەر ڕەفیق سابیر، لە لایەن ناوەندی غەزەلنووس لە سلێمانی بڵاو دەکرێنەوە. یەکێک لەو کتیبانە ٢٩ دیداری هەڵبژاردەی ئەدەبییە، بە ناوی ڕوانین بە ڕووناکیدا، کە زۆربەیان لەبارەی شیعرە و لە ماوەی سیی ساڵی دواییدا (١٩٩١-٢٠٢١) لەگەڵ شاعیردا کراون. دوو دیداریان بە زمانی سوێدین. لێرەدا یەکێک لەو دیدارانە بڵاو دەکەینەوە، کە نووسەر ڕۆژنامەنووسی سوێدی ئاننا فرانکلین ئەنجامی داوە و بەشێکە لە کتێبێک ساڵی ٢٠١١ بە زمانی سوێدی بڵاو کراوەتەوە.

 * شیعرەکانی ڕەفیق سابیر زۆر باسی ئازادی، عیشق، جوانی، تەنیایی، غەریبی و مەنفا دەکەن، ئەوانە بەردی بناغەی نووسەرایەتیی ئەون.
* بۆ ئەوەی بتوانم دڕێژە بە ژیان بدەم، لەناو دنیای وشە و خەیاڵدا دەژیام.

هەر لە سەتای لاوییەتیەوە شیعری نووسیوە. ئەمە ڕێک و ڕەوان شێوازێکی زیندوومانەوە و بەردەوامبوون بوو لە ژیاندا – کە لێبگەڕێی جیهانێکی تر، جیهانی خەیاڵ و جوانی، لەبری فڕۆکەی جەنگی و بۆردومان، لە ئامێزت بگرێ.
ئەو زەینی خستبووە سەر شیعر، لە ئاکامیشدا هەستی کرد بۆ شیعر لە دایکبووە.
شاعیر ڕەفیق سابیر، بە هۆی شیعرەکانیشیەوە، بیر و بۆچوونی خۆی لەمەر نادادپەروەری و شووناسی نەتەوەیی، لەمەر سروشت، عیشق و جوانی دەربڕیوە. لە شیعرەکانیدا تاسەی بەهێزی وڵاتێکی سەربەخۆ، لەگەڵ تاسەی مەعشوق ئاوێتە دەبێت، ئەمە ڕووناکییەکی ناخە کە ئەوی گەیاندووەتە هەر شوێنێک ویستبێتی- سەرووی هەورەکان و ئەو دیوی ئەستێرەکان. هەر شتێک بەشێکە لە یەکەیەک، کە هەرچۆن و لە هەرکوێ بژین هی هەموومانە. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هەوری سوێد و کوردستان لەیەک ناچن. هەر لەو کاتەوە کە زانیم ئەو لە باشووری کوردستانە بۆئەوەی ناوەندێکی لێکۆڵینەوە و کولتووری دابمەزرێنێ و نیازیشی هەیە لە هاویندا بێتەوە ئوپسالا، من بەدوایدا گەڕاوم. چەند جارێک قسەم لەگەڵ –ئێکا- ژنە جۆرجیەکەی کردووە و پرسیومە ڕەفیق کەی دێتەوە؟

ڕۆژ، هەفتە و مانگ دێن و دەڕۆن، بێئەوەی هیچ هەواڵێک لە ڕەفیقەوە بێت. بەردەوام تەلەفۆنی بۆ دەکەم، وەڵام نییە. پەیامی دەنگیی بۆ دەنێرم. کەس تەلەفۆنم بۆ ناکاتەوە. تا لە ئاکامدا، جارێکیان تەلەفۆن هەڵدەگرێ و وەڵام دەداتەوە. ئەوە خۆیەتی! هێندە دەحەپەسێم، کە زۆر بۆم سەخت دەبێ خۆمی پێ بناسێنم.
“بێگومان دەتوانین یەکدی ببینین” دەنگی زۆر ئارامە. “بەڵام لێرە سوێدییەکەم کەمێک ژەنگی گرتووە.”
من چەند ڕۆژێکی کەمم بەدەستەوەیە ماتریال لەبارەی ئەوەوە پەیدا بکەم. تاکە دیوانەکەیشی بە سوێدی: “وەرزی سەهۆڵبەندان” کە گۆران مەریوانی کردوویەتی بە سوێدی، لە کتێبخانە قەرز دەکەم. لە پێشەکییەکەیدا نووسەر توربیۆرن سێفڤێ لەیەکچوونی ڕوون لە نێوان ئەو قەسیدەیە (وەرزی سەهۆڵبەندان) و شیعری مایاکۆڤسکی دەبینێ. نووسەریکی تر هاوتەریبیی لەگەڵ قەسیدەی “وێرانەخاک”ی ت.س. ئێلیۆت بەراوردی دەکات.
نیوسەعات پێش ئەوەی یەکدی ببینین زەنگی موبایلەکەم لێدەدا. ڕەفیقە. من چاوەڕێی هەواڵێکی ناخۆش دەکەم- نەکرێ یەکتر ببینین.
بەڵام هەناسەم هاتەوە بەر، کاتێک وتی “دەبێ نیو سەعات زووتر کچە شەش ساڵەکەم، ماریا، لە باخچەی منداڵان بهێنمەوە. دەکرێ گفتوگۆکە دوا بخەین سبەی یەکتر ببینین؟

شازادەیەک بە گوڵی سووری پرچییەوە
ڕۆژی دوایی بە ئۆتۆمبیل دەچمە گەڕەکی ئێریکس بێرگ، ئەو لەوێ دەژی. دیوانی “وەرزی سەهۆڵبەندان”م لەگەڵ خۆمدا هێناوە، کە باسی غەریبیی نیشتیمان و خەباتی ڕزگارکردنی دەکات، بەڵام باسی عەشق و خۆشەویستەکەیشی دەکات. من زۆر حەزم لەم کتێبەیە.
لەناو ئوتومبیلەکە خێرا سەیری وێنەی بەرگی کتێبەکە دەکەم. چاویلکە و بێریی ڕەش کەمێک چی گیڤارا دەهێنێتەوە بیر. زەردەخەنەیەک دەکا، بەڵام نیگای خەمگینە.
ڕەفیق لە بەردەرگا ڕاوەستاوە و جگەرە دەکێشێ. چاکەت و پانتۆڵێکی بێجی، بلووزێکی ڕەشی پۆشێوە. پێڵاوێکی چەرمی قەیتانداری لە پێیە. چاویلکەکەی وەکو هی ناو وێنەکە نییە.
لە هۆڵی ماڵەکەیدا چاوم بە “پیشانگای پێڵاو”، بە زۆر پێڵاوی بچووک و سۆلی پەپولەدار و نەخشینی ڕەنگاوڕەنگ دەکەوێ. هی کچی ڕەفیقن، کە لە باخچەی منداڵانە.
پیانۆیەک و دوو قەنەفەی گەورەی ڕەنگین ژووری دانیشتنیان پڕ کردووە. لە بەرانبەردا دۆڵابێک هەیە، فنجانی لێوارزێڕینی ڕووسی تێدایە، ڕێک وەکو ئەو فنجانانەی کاتی خۆی باپیرەم دایمێ. لەسەر مێزی قەنەفە دەفرێکی پڕ لە شیرینی و دەفرێکی گەورەی میوە و دەفرێکی بچووکی نەستەلە (چوکولات)یش دانراون.

من دەڵێم “چەند جوانن.”
ڕەفیق سەر دەلەقێنی دەڵی:”نێسکافێ دەخۆیتەوە یان چا؟”
من دەڵێم، “حەزم لە قاوەیە.”
لەسەر پیانۆکە وێنەی دڵ و گیانی ئەو “ماریا”ی کچی دانراوە. من دەڵێم: “شازادەیەکی ڕاستەقینەیە، گوڵی سووری لە پرچی داوە.”
ئەو شاد و ئاسوودە دیارە.
“ماریا سەمای بالێت دەکا و خەریکی فێربوونی مۆسیقایە.”

نوستالجیای کوردستان
هەردووکمان دادەنیشین و ڕەفیق سابیر دەڵێ لەم دواییەدا بە بۆنەی بڵاوبوونەوەی هەموو کۆمەڵە شیعرییەکانی، لە دوو بەرگدا، کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنێ کوردی (کەناڵی گەلی کوردستان) پڕۆگرامێکی لەبارەی ژیانی ئەوەوە پیشاندا. حەز دەکات کەمێکی ئەو پڕۆگرامەم پێشان بدا(١).
لە بەشێکی پڕۆگرامەکەدا لە بەردەرگەی خانووێکدا ڕاوەستاوە، کە لەوێ لە دایکبووە. وێنەکانی تر چیا بەرز و بەبەفرداپۆشراوەکانی نزیک ئێران پێشان دەدا، لەوێ چەند ساڵێک وەکو پێشمەرگە (پارتیزان) ژیاوە. دەمێک خەیاڵاوی، جگەرەی بە دەستەوەیە ڕاوەستاوە و دەڕوانێتە دیمەنەکە، دەمێکی تر لە ماڵەکەی، لە سلێمانی خەریکی قاپشوشتنە، لە کوردستان خەریکی دامەزراندنی ناوەندێکی لێکۆڵینەوە و کولتوورییە. لە نێوان بەشەکانی گفتوگۆکەدا، مۆسیقا لێدەدرێ. چەند شیعرێک، بۆ نموونە شیعری “ئەم مرۆڤە”، کە گۆرانیبێژی ناسراو کاروان عوسمان، ساڵی ١٩٨٤ لەسێدارە درا، دەیچڕێ. پرۆگرامەکە جارجار خەیاڵ دەفڕێنێ، وەک ئەو دەمەی ئەو بە حەسرەتی زۆرەوە دەڕوانێتە کەنارێک و هاوکات شیعرەکان بەتەنیشت ئەوەوە پیشان دەدرێن.

ڕەفیق سابیر قاوە لە فنجانی سپیی بچووک دەکات، دەستەکانی پاکوخاوێن ڕاگیراون و ئەڵقە لە پەنجەی دەستی چەپیەتی. ساڵی ١٩٨٧ لەگەڵ “ئێکا”، کە ڕاستییەکەی ناوی “دارۆ لۆمادزێ”یــە، بوون بە ژن و مێرد. کاتێک خانووێکی ناو چیاکان، کە چەندان ساڵ ماڵی ڕەفیق بوو، دەردەکەوێ، دەمەوێ بزانم چوونەوە بۆ ئەو جێێە، دوای ئەو هەموو ساڵانە، چۆن بوو؟
“ئەوسا بیستوهەشت ساڵ بووم، ئاسوودەتر بووم، ژیان مانایەکی تری هەبوو. هەر بە ڕاستی باوەڕم وا بوو، یان بەلانی کەمەوە هیوادار بووم، بتوانم شت بگۆڕم.” ڕەفیق سەیرم دەکات. “مرۆڤ دەبێ واقیعی بێ و تێبگا کە کاتێکی سنوورداری لە ژیاندا هەیە، ژیان بەشی ئەوە ناکات بەو هەموو شتانە ڕابگەیت کە دەتەوێ، یان بە گەنجی خەونیان پێوە دەبینی”
“تۆ خەونت بە چییەوە دەبینی؟”
“کە بە نووسینەکانم هاوکاریی گۆڕانی کۆمەڵگاکەم بکەم. هەندێ جار دڵتەنگ و نائومێد دەبم، چونکە بەم شێوەیە نەبووە، کە من ویستوومە.”
“تۆ هەر ئێستا وا خەریکی دامەزراندنی ناوەندێکی لێکۆڵینەوە و کولتووریت! لەگەڵ ئەوەیشدا هەر بەردەوامیت.”
بە نەرمی دەخەنێتەوە.
“هونەرمەد قەت نابێ ڕازی بێت. داهێنان کۆتایی نییە. هەمیشە شتێکی تازە هەیە دابهێنرێت. ئەگەر مرۆڤ وەکو شاعیر، یان هونەرمەند، پێی وا بێ گەیشتووەتە ئامانجی خۆی، ئەوکاتە داهێنان کۆتایی دێت.”
هەستدەکات ئەوسا ئاسوودەتر بوو. ئێستا زۆر هاوڕێ و ناسیاوی نەماون. “شەهید کران.”

ساتێک فرمێسک لە چاوەکانی ڕەفیق قەتیس دەبێ. تێدەگەم کە ئەو کەسێکی بە هەست و هەستیارە. بەڵام بە بێ ئەم سیفەتانە ڕەنگە نەیتوانیبا وا خۆی بگرێ و نەیشیتوانیبا پەیامی خۆی، لەبارەی نادادپەروەری و عەشقەوە، بگەیەنێ. ئەو بەختیش یاری بوو کە یەک جاریش نەکەوتە بەندیخانە.
گوندی شێنێ، کە نزیکی خانووەکەی ناو چیایە، ڕەفیق و ئەوانیتر جار جار بۆ شتکڕین دەچوونە ئەوێ. ئەو گوندە تاکە گوند بوو، لەو چوارهەزار گوندەی ڕێژێمی عێراق، لە حەفتاکان و هەشتاکاندا، وێرانیکردن، وەک خۆی مابۆوە. ساڵی ١٩٩١، لەدوای شەڕی کەنداو، باشووری کوردستان ئازاد کرا. هاوکات دوو میلیۆن کورد ناچار کران پەنا بۆ چیاکان ببەن. لە هەمان کاتدا، بە بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناوچەکە کرا بە no-flight zone ، کە ئەوە دەگەیەنێ سێ شار، هەولێر، دهۆک و سلێمانی دەپارێزرێن.
کورد لە مانگی حوزەیرانی ١٩٩٢ لە هەولێری پایتەختی کوردستان توانی، بۆ یەکەم جار لە هەڵبژاردنێکی دیموکراتانەدا، پەرلەمان و حکوومەتێکی کوردی دابمەزرێنێ، کە هەتا ئێستایش بەردەوامن.
“دەتوانین بڵێین نەتەوەیەکگرتووەکان بوو کوردستانی ئازاد کرد؟”
“بەڵی ڕاستە.”
بەڵام قەڵادزێی شاری منداڵیی ڕەفیق، لە ساڵی ١٩٨٩ دا لەگەڵ زەوی تەخت کرا، ئەو پێی وایە، ئەگەرچی دەستکراوە بە دروستکردنەوەی شارەکە، بەڵام قەت نابێتەوە قەڵادزێی جاران.

شەڕ هەموو ژیانی ئەوی گۆڕی – گەڕانێکی وجوودییانە
ڕەفیق ساڵی ١٩٥٠ وەکو بچووکترینی ناو چوار خوشک و برا، لە دایکبوو. دوو برا و خوشکێکی لە خۆی گەورەتری هەبوو، – ڕەئوف و محەمەد، هەروەها سەبریە. ئاسایی نەبوو خێزانێک منداڵی ئەوەندە کەمی هەبێت. زۆر خێزان زیاتر لە دە منداڵیان هەبوو. ئەمڕۆ براکانی لە ژیاندا نەماون.
“لە کولتووری ئێمەدا، منداڵی پاشەبەرە مانایەکی گەورەی هەیە.” ڕەفیق ئەمە ڕوون دەکاتەوە، زۆربەی جار ئەو منداڵە خۆشەویستیی زیاتری دەدرێتێ. لەو باوەڕەدام، هەر نەبێت لە حاڵەتی مندا، ئەمە پێوەندیی بەوەوە هەبوو کە ئەو کاتەی من لەدایک بووم باوکم، کە چایخانەی هەبوو، تەمەنی پەنجا ساڵان بوو. لەو تەمەنەدا دایکوباوک کاتی زیاتریان بۆ منداڵەکانیان دەبێت. بە تێکڕا ئەگەر پاشەبەرە کوڕ بێت، خۆشەویستییەکەیش زیاتر دەبێ.” پێدەکەنێ و دەڵێ “ئەمە مەسەلەیەکی کولتوورییە.”
ئەو منداڵییەکی ئاسوودەی هەبوو. زۆربەی کات لە کۆڵانە تەنگەبەرەکانی گەڕەکەیان، کە هەموویان یەکتریان دەناسی، یاری دەکرد.
ڕەفیق هاوڕێکانی دەبینی کە لەگەڵ خوشکەکانیان بەشەڕ دەهاتن. جارێکیان ئەویش قژی خوشکی خۆی ڕاکێشا. دایکی زۆر تووڕە بوو و داوای لە سەبریە کرد هەمان شت بەرانبەر بە ئەو بکاتەوە. پاش ئەوە ڕەفیق قەت ئەوەی دووبارە نەکردەوە، قەت دەستی لە ژنێک بەرز نەکردەوە.

ڕەفیق ساڵی ١٩٥٦ چووە قوتابخانە، یاریی فوتبۆڵی کردووە. بەڵام لە پایزی ساڵی ١٩٦١دا، ژیانی ئەو بە تەواوی گۆڕدرا. حکوومەتی عێراق پەلاماری سەربازیی، لە دژی گەلی کورد، دەست پێ کرد.
“ناچار کرام زوو گەورە بم و جەسارەتی خۆم پێشان بدەم. جارجار لەبەر پەلاماری فڕۆکەی جەنگی و بۆردومان ناچار دەبووین ڕابکەین و پەنا بۆ گوند و چیاکان ببەین. من قاچەکانم هێندە بە هێز نەبوون، هەندێک جاریش شەرمم دەکرد، چونکە بە زەحمەت بە هەورازدا سەردەکەوتم. بەم شێوازە پێیە بچووکەکانم ڕاستەوخۆ بەشێکی مێژوویان لەسەر بەردەکان نووسییەوە. ئەو ڕووداوانە ترسناک بوون و شوێنەواری خۆیان بە جێ هیشتوون. کاتێک فڕۆکە جەنگییەکان دەهاتن، هەستم دەکرد فڕۆکەوانەکە چاو لە من دەکات و دەمبینێ. ئەم ڕووداوانە ڕەنگدانەوەیان لە ژیانی مندا وەک مرۆڤ و لە ژیانبینیی مندا هەیە، بە دڵنیاییشەوە کاریان لە شیعرەکانم کردووە.”

“من لەوە دەترسم شتێکی ناو ناخم لەدەست بدەم. هەست ناکەم تەواو سەقامگیرم. بەدرێژایی ساڵان نیگەرانی ئەوەی کە ڕەنگە ناچار ببم شوێنی ژیان بگۆڕم، لەکۆڵم نەبۆتەوە. زۆر جار یادەوەریی تەمەنی گەنجیم دێتەوە بیر، هەندێ جار خەونی ناخۆش دەبینم. لەگەڵ ئەوەیشدا ئێستا نیگەرانییەکەم زیاتر، سروشتێکی وجوودییانەی هەیە.”
“دەتوانی ئەمە ڕوونتر بکەیتەوە؟”
“بە شێوەیەکی گشتی نیگەرانییەکەم پێوەندیی بە مەسەلەی مانای ژیانەوە هەیە. ئەمەش مەسەلەیەکی فەلسەفییە.”
“ئەمە ئێستا چ کاڕێگەرییەکی لای تۆ هەیە؟ خۆ ئێستا دۆخی تۆ وەک جاران نییە، کە بە ناچاری ئەم وڵات و ئەو وڵاتت دەکرد.”
“بەڵی، وایە، بەڵام کاتێک مرۆڤ بەردەوام لە کۆچدایە، کاتی زۆری نییە بیر لە ژیان بکاتەوە. ئێستا کە لە جاران زیاتر هەست بە دڵنیایی دەکەم، جیاوازە.”
“بە ڕاستی وایە. بیرە وجوودییەکان بە شەپۆل دێن، ئێستا کاتی زیاتر بۆ پرسیارە گەورەکان هەیە.” ڕەفیق نیگای دادەگرێت و بەردەوام دەبی “لە قۆناغی ئامادەییدا ژیان لە نێوان شەڕ و ئاشتیدا دەهات و دەچوو. ئەو کات زۆر ئەدەبیاتم دەخوێندەوە، بەدوای دنیایەکی تردا دەگەڕام، بۆ ئەوەی سەختی و دژوارییەکانی ڕۆژانەم لەبیر بەرێتەوە. بەو جۆرە دەستم بە نووسین کرد، کە خۆشیی زۆری پێ بەخشیم. ڕێک و ڕەوان ئەو دەم بۆ ئەوەی بتوانم دڕێژە بە ژیان بدەم، لەناو دنیای وشە و خەیاڵدا دەژیام.”.
ڕۆژێکی زستانی ساڵی ١٩٦٨ باوکم کۆچی دوایی کرد. ئەورۆژە بەفری زۆر باری. ئەوەم لەیادە، چونکە ئە ڕۆژ شیعرێکم بۆ باوکم نووسی.”

خوێندن و کاری ڕۆژنامەوانی
بە هۆی ئەو شەڕەی لە کوردستان هەڵگیرسا، ڕەفیق دوو ساڵ لە زانکۆ دابڕا. لە ئاداری ساڵی ١٩٧٠ کە ڕێککەوتنی ئاشتی، لە نێوان حکوومەتی عێراق و بزووتنەوەی کورد، دەستی پێکرد. ئەو توانی لە زانکۆی بەغدا زمان و ئەدەبی کوردی و فارسی بخوێنێ. ئەو ئاشتییە، تا ساڵی ١٩٧٤ بەردەوام بوو.
هاوکات لەگەڵ خوێندندا، وەکو ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەی –بیری نوێ- کە ڕۆژنامەیەکی کولتووری و کۆمەڵایەتی بوو، کاری دەکرد. هەمان ساڵ، کە ئاشتی کۆتایی هات، ئەویش زانکۆی تەواو کرد. ساڵی ١٩٧٨ حکوومەتی عێراق شاڵاوی ڕاونان و گرتنی چەپە چالاکوان، دیموکراتخواز و ڕووناکبیرانی دەست پێ کرد. زۆر کەس گیران و بە ناچاری پەڕاگەندەی وڵاتان بوون. ئەو ڕۆژنامەیەی ئەو بەرپرسی بەشی کولتووریی بوو (بیری نوێ) داخرا و –ڕەفیق-یش ناچار کرا ڕوو لە سۆفیای پایتەختی بولگاریا بکات، کە ڤیزەی ئەو وڵاتەی پێ درابوو.
لە سۆفیا دەستی بە خوێندنی زمانی بولگاری کرد. بەو هیوایەی فەلسەفە بخوێنێت. خوێندنەکەی زەمالەیەک بوو بۆ قوتابیانی بیانی.
پاش هەشت مانگ، بوڵگارستانی بە جێ هێشت، چوو بۆ لوبنان و لەوێیشەوە بۆ چیاکانی کوردستان، نزیک سنووری ئێران. لەوێ زیاتر لە سێ ساڵ وەکو پێشمەرگە (پارتیزان) ژیا. لەوێ تەرجومە و کاری سیاسی و ئەدەبی دەکرد.
ڕەفیق دەگێڕێتەوە کە وردە وردە دۆخەکە بەرەو خراپی دەچوو. لەبری ئەوەی دژی سەددام حوسێنی دوژمنی هاوبەشیان خەباتیان بکردایە، ڕووی چەکەکانیان لە یەکتری کرد، دەڵی:
“ئەمە لای من کارێکی بێ بایەخ و بە دڵنیاییشەوە هەڵە بوو.”
ڕەفیق پایزی ساڵی ١٩٨٢ گەڕایەوە بولگاریا. لەوێ دکتۆرانامەکەی لەبارەی پێوەندیی نێوان کولتوور و هۆشیاریی نەتەوەیی کورد نووسی.
“باسی شووناسی کورد دەکات، کە چۆن لە ڕێی پاراستن و بەرگریکردن لە زمان و کولتوورەکەی، توانی خۆی بناسێت، ئەگەرچی پلانی توانەوە و کۆمەڵکوژیی بۆ داندرابوو. ئەگەر ئێمە زمانمان لەدەست بدایە، شتێکمان نەدەما کە لە تورک، عەرەب و فارس جودامان بکاتەوە، ئێمە هەمووان هاودێنین. هەندێک گەلی تر، بۆ نموونە ئەفریقاییەکان، زمانیان لەدەست دا و زمانی فەرەنسی، یان ئینگلیزی بوو بەزمانیان. بەڵام ئەوان نەبوون بە فەڕەنسی و ئینگلیز، چونکە ڕەنگی پێست، لەوانیان جیا دەکاتەوە. ویستوومە لە ڕوانگەی فەلسەفی و کۆمەڵایەتییەوە، لەبارەی ئەم دیاردەیە، بنووسم، کە زمان و کولتووری کوردی چۆن هۆشیاری و هەستی هاوشوناسییان لای خەڵک دروست کردووە.

خەبات دژی سەددام حوسێن بەردەوام بوو
ساڵی ١٩٨٤ لە سۆفیا هاوسەری داهاتووی، دارۆ، کە بە ئێکا بانگ دەکرێ، ناسی. کاتێک ڕەفیق (هاوینی ١٩٨٧) خوێندنەکەی تەواو کرد، لە جۆرجیا زەماوەندیان گێڕا.
دوای ئەوە چوو بۆ ئەفغانستان و لوبنان و سوریا بۆ ئەوەی وەک ڕۆژنامەنووسێک، هەروا وەک چالاکوانی سیاسی، کار بکات. هاوسەرەکەی لە ئەفغانستان و سوریا لەگەڵی بوو. ئەو لە ڕاگەیاندنی ئۆپۆزیسیۆندا، ڕۆژنامە و گۆڤاری حیزبی شیوعی عێراق، الثقافە الجدیدە نووسینی بڵاو کردەوە. هەروا لە سوریا بوو بە بەرپرسی گۆڤاری “ڕێگەی ئاشتی و سۆسیالیزم” کە دەنگی هاوبەشی چەند حیزبێکی کۆمۆنیستیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو.
“لە ئەفغانستان، لوبنان و سوریا بنکەی گرووپی ئۆپۆزیسیۆن هەبوو، کە هەوڵمان دەدا پشتگیری بۆ خەباتی گەلی کورد و عێراق پەیدا بکەین. من ئەندامی سەرکردایەتیی دەرەوەی بەرەی کوردستانی بووم، کە دەیخواست خەباتی کورد دژی دوژمنی هاوبەش یەک بخا. بە پێوەندیی لەگەڵ ئەمە لە ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ هەڵەبجە -بە چەکی کیمیایی- بۆمباران کرا و هەزاران کورد کوژران.
هەر زوو دوای ئەم ڕووداوە، چووم بۆ دیمەشق، بۆئەوەی بەشداری لە خەباتی کوردی مەنفا بکەم. ئەودەم سەدان هەزار کورد لە وڵاتان پەڕاگەندە بوون. لە دیمەشق سەردانی زۆر سەفارەتخانەی وڵاتانمان کرد، لەوانە سەفارەتخانەی سوێدی، بۆ ئەوەی باسی دۆخی خۆمانیان بۆ بکەین، بەڵام هیچیان ئێمەیان بە جیددی وەرنەگرت، وا دیار بوو ڕێژیمی سەددام لەوان نزیکتر بوو. ئەگەرچی ئێمە بەڵگەمان لا بوو، کە کۆمەڵکوژیی هەڵەبجەی دەسەلماند. بەڵام ئەم بەڵگانە، لای ئەوان، بەس نەبوون. هەست بە بێهیوایی دەکرا. دوای ماوەیەک ئێکا هات بۆ سوریا. ساڵێک زیاتر لەوێ مامەوە، دواتر من هاتمە سوێد. لە ئاکامدا ئەویش توانی بێت.
«ئێمە ژیانێکی ئاساییمان نەبووە. دایک و باوکی ئەو دژی ئەوە بوون کچەکەیان شوو بە پیاوێکی نەناسراو بکا، کە هیچ دڵنیاییەک، یان ماڵۆچکەیەک بۆ کچەکەیان دابین ناکات. بەڵام ئێمە زۆر عاشقی یەک بووین. من قەت گفتی هیچ شتێکم پێ نەدا، چونکە من کەسێکی بێ وڵات و بێماڵ و جێ بووم، بەدوای مەسەلەیەک کەوتبووم، کە ئەو هەر لە سەرەتاوە ئەمەی دەزانی.”
ڕەفیق سابیر دەپرسێ، ئایا ئاساییە ئەگەر جگەرەیەک بکێشێ. ڕاستیەکەی دەبوو نەکێشی، چونکە کەمێک گرفتی گەدەی هەیە. ئەو پێی وایە ئەو گرفتە لە ئەنجامی نیگەرانی و قەلەقییەوە بێت.
سەرەتا ڕەفیق هاتە شاری یستاد، پاشان گواستییەوە بۆ شاری کرامفۆرش و بۆڵنێس، دواتر لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ لە ئوپسالا جێگیر بوو.
ئەو و ئێکا، هەردووکیان دەیانویست لە ئوپسالا بژین، چونکە لێرە زانکۆ هەیە. مەبەستیان ئەوە بوو باش فێری زمانی سوێدی ببن. ڕەفیق دەیویست لە جیهانی ئەکادیمیادا شوێنێک بدۆزێتەوە و ئێکایش وەکو کۆمەڵناس کار بکات.
بە داخەوە وا دەرنەچوو. ڕەفیق بوو بە مامۆستای زمانی کوردی. بێگومان ئەو هەر بەردەوام بوو لە نووسین.
بەڵام سەخت بوو کارکردن و داهێنان تێکەڵی یەکدی بکرێن.

هەست دەکات وەکو دە ژمارەیە
ساڵی ١٩٩٣ لە کوردستان لە شاری هەولێر، لە زانکۆ پێشنیاری کاری بۆ کرا. بەڵام لە کوردستان نەمایەوە و دوای نزیکەی نیو ساڵ گەڕایەوە سوێد.
“بەردەوام کێشە لە نێوان حیزبە کوردییەکاندا هەبوو، ئەو کات بە شێوەیەکی گشتی سەقامگیریی سیاسی نەبوو. ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە من نەتوانم ، نە لە زانکۆ و نە لە بواری کولتووریدا کارێکی گرنگ بکەم. کاتێک گەڕامەوە ئوپسالا، بێتاقەت بووم. دوای پازدە ساڵ دوورکەوتنەوە، نیشتیمانەکەم، هەمان نیشتیمانی جاران نەبوو. هەستم بە گۆشەگیریی دەکرد.”
ڕەفیق لە شوێنێکدا دەڵی، لێرە لە سوێد هەستدەکەم تەنیا دە ژمارەم(٢).
من دەپرسم، “هەر بە ڕاستی هێندە ناخۆشە؟”
وەڵام دەداتەوە و دەڵی؛ “بەڵێ، من لە وڵات، شوێنێکم هەبوو، لێرە هەموو شتێکم لەدەست دا، بۆیە ناچاربووم لە سەرەتاوە دەست پێ بکەمەوە. لە کوردستان خەڵک دەمناسن. لەوێ ڕێزلێنراوم، لێرە هیچ.”
ڕەفیق سابیر، باس دەکات کە هەوڵی داوە لێرە لە سوێد خۆی بگونجێنێ و بێ ئەوەی بە تەواوی شوێنی دروستی خۆی بدۆزێتەوە. ئەو لە کۆمەڵگەی تردا پێگەیشتووە و چەندان زمانی تری خوێندووە، کە دەتوانێت قسەیان پێ بکات و پێیان بخوێنێتەوە: عەرەبی، ئینگلیزی، فارسی، بولگاری، ڕووسی و سوێدی. مەبەستی ئەوەیە، کە ئەگەر پزیشک، ماتماتیکزان، یان تەکنیککار بوایە، ڕەنگە لێرە ژیان ئاسانتر بوایە.
ئەو باسی جیاوازیی نێوان سوێد و کوردستان دەکات، یان ڕاستتر باسی پێوەندیی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دەکات. لە ڕۆژهەڵات دەستەجەمعی (کۆلێکتیڤ) ناوەند و بنەڕەتییە و تاکەکەس(ئیندیڤید) لاوەکییە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرژەوەندی و مافی دەوڵەت، یان نەتەوە، لە پێش بەرژەوەندیی تاکەکەسەوەیە، لە سوێد و ڕۆژئاوادا دیموکراتی و ئازادیی تاکەکەس بە شێوەیەکی تەواو جودایە.
“من خۆم هیچ کێشەیەکم لەگەڵ هەموو ئەمانەدا نییە. تێکەڵبوونی کۆمەڵگەی سوێدی سەختە. ئەگەرچی ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی سوێدم چەندان (ستیپێندیۆم)م وەرگرتووە، کە کەمێک ژیانی ئاسانتر کردووە. من کەسێکی گەردوونیم، مرۆڤێکم حەزم لە چالاکییە. ئەگەر کەسێکی ئاینی بوومایە، خۆگونجاندنەکە زۆر سەختتر دەبوو. ئەودەم وابەستەی کولتووری ئیسلامی دەبووم. بەڵام من کەسێکی ئیماندار نیم و ئەوەی من باوەڕم پێی هەیە، دادپەروەرییە.”

دامەزراندنی ناوەندێکی لێکۆڵینەوە
ئەو ماوەیەی لە هەولێر بوو (ساڵی ١٩٩٣) شوێنەواری لای ڕەفیق سابیر دانا، بەڵام ساڵی ٢٠٠٥ کاتێک دۆخەکە لە عێراق ئارام بۆوە، ویستی جارێکی تریش بگەڕیتەوە وڵات و بزانێ چۆنە. ساڵێک مۆڵەتی لە کارەکەی وەرگرت و بە پێشنیازێک ڕازی بوو، کە ناوەندێکی لێکۆڵینەوە و کولتووری لە شاری سلێمانی، کە شارێکی کولتوورییە، دابمەزرێنێ، تێیدا لێکۆڵینەوە لە زمانی کوردی، ئەدەب، مێژوو، جوگرافیا و کولتوور بکرێ. بێگومان ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێ، کە ئەو دەبێ لە نێوان سوێد و کوردستاندا هاتوچۆ بکات. ڕەفیق دەڵێت: “لێرەوە بە فڕۆکە چوار سەعات و نیو دوورە و بلیتی تەیارەش زۆر گرانە. هەموو کەسێک دەزانێ کە ئاسان نییە مرۆڤ تا سەر بەم جۆرە بژی. بەڵام ئیتر ئەمە بەشێکە لە چارەنووسی من، کە هەموو شتێک نرخی خۆی هەیە. هەمیشە هەر وا بووە. بێگومان گرنگە باوکێکی باش بیت، بەڵام دەبێ مرۆڤێکی باشیش بیت. زۆر لەمێژە لە مەنفام، ڕاستییەکەی من هەمیشە بیرم لەوە کردووەتەوە، کە ئایا بۆ من و خێزانەکەم باشترە کە من، وەک باوک و مێردێکی نائاسوودە و ناشاد لە ئوپسالا لەگەڵ ئەوان بژیم، یان لە وڵاتی خۆم بژیم و شاد و ئاسوودە سەردانیان بکەمەوە.

من لە کوردستان نووسەرێکی ناسراوم. ئێستا بەڕیوەبەری سەنتەری کوردۆلۆجیم. Kurdology center for kurdish study ئێستا دەرەتان و دەرفەت هەیە گەشە بەو سەنتەوە بدەین. زۆر ئامراز و کەرەستە لە بەردەستن، لە وڵاتانی ترەوە توێژەر بۆ کوردستان بانگهێشتن بکەین. هەستدەکەم بەرانبەر بە گەل بەرپرسیارین کە خۆمان بۆ ئەو ڕۆژە ئامادە بکەین کوردستان، وەک وڵاتێکی ئازاد، دانی پێدا دەندرێت. ئەمڕۆ گۆڤاری زانستی لەبارەی کوردستانەوە، بە زمانی ئینگلیزی، یان بە زمانانی تری ئەورووپایی نییە. دامەزراندنی ئەم جۆرە سەنتەرانە خۆئامادەکردنێکی کولتووری و دامودەزگاییە.

عەوداڵێکی ڕووخسار خەمگین
“دەتەوێ چۆن وەسفی خۆت بکەیت؟”
“ڕەنگە وەکو کەسێکی ئارام، دۆستانەی مرۆڤپەروەر و عەوداڵ”
عەوداڵی چیت؟”
“حەقیقەتی ژیان، بەڵام ئەگەر هەموو ژیانیشم بۆی بگەڕیم، نایدۆزمەوە. هەروەها وەکو هەمیشە دەمەوێ چالاک بم.”
ئەگەرچی ڕەفیق زۆر تراجیدیای بینیوە، بەڵام قەت بێ هیوا نەبووە.
“بەمە دڵخۆشم، ئەگەرچی جارجاریش خەمبار دەبم. بەڵام خەم و نوستالجی بەشێکن لە ژیان. هاوکات ئێستا لە جاران زیاتر پێدەکەنم.”
“چۆن دەڕوانیتە تێگەیشتن لە خەم و نوستالجی؟”
“مرۆڤ ناتوانێ ژیان وەکو هێڵێکی ڕاست تەماشا بکات، کاتی جودا و بەشی جودا و سەخت و خۆش هەن. تۆ قەت نازانی سبەی چی ڕوو دەدا. نابێ زۆر گەشبین بیت، یان چاوەڕوانیی گەورەت هەبێ. ئەمە وەکو ئەوەیە کە بە چیایەکدا هەڵدەگەڕێیت، تۆ نازانیت لەودیوی چیاکە چی هەیە. دەگەیتە سەرەوە، بەڵام ڕەنگە بەسەر شتێکدا بکەویت تەواو سەرسوڕماوت بکا. هەر مرۆڤێک مێژووی خۆی هەیە، کە قەت ناتوانێ لێی دەرباز ببێ. بە ئاسانی شتی بچووک لە بیر دەکەین، بەڵام ئەو شتانەی کاڕێگەرییان بەسەر ڕەفتار و هۆشمانەوە هەیە، بە دەگمەن لەبیر دەچنەوە.”
ڕەفیق سابیر بە جیددی و قووڵ دەدوێ، بەڵام جارجاریش زەردەخەنەیەکی نەرم دەیگرێ. ڕووخۆشە، دەم بەپێکەنینە.
دوای ئەوەی چەندان سەعات قسەمان کرد، لەسەرخۆ دەڵێ: “ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێ پشوویەک بدەین.”
قاوەکەی من سارد بووەتەوە و هێشتا شیرینییەکانیشم تام نەکردوون. بەڵام کەمێکی تریش بەردەوام دەبین.
ڕەفیق لە سیاسەتدا، لەناو حیزبی کۆمۆنیستی عێراقدا چالاک بووە.
“ئەمڕۆ لە دەرەوەی سیاسەتیت؟”
نیگای چر و تیژ دەبێ.
“نەخێر. کاتێک تەنانەت تەرجومەی کوردیی چیرۆکی –پیپیی گۆرەوەی درێژ-(٣) لە تورکیا لێکدانەوەی سیاسیی بۆ دەکرێ و ڕێگەی بڵاوکردنەوەی نادرێت، ئەوسا چۆن کوردێک دەتوانێ لە دەرەوەی سیاسەت بێت؟ ئەو هەوایەی کوردێک هەڵیدەمژێ، تێکەڵاوی سیاسەتە، بەڵام ئەمڕۆ ئەندامی هیچ حیزبێک نیم.”
بێگومان سیاسەت و تیۆری وەکو هی مارکسی کاڕێگەریی لەسەر نووسەرایەتیی ئەو هەبووە. هاوکاری و پشتگیری (سۆلیداریتی)ی مرۆڤی تر، بە بێ جیاوازیی پاشخانی کولتووری، لەگەڵ خەبات بۆ مافی گەلی کورد و باوەڕبوون بە یەکسانیی نێوان پیاو و ژن، پێش هەموو شتێکە،
“کاتێک مارکسیزم، وەک هزرێکی مودێرنی ئەورووپایی، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاو بووەوە، یاساخ (تابوو) بوو.”
وا هەست بە گێژبوون دەکەم. لە بیرمان چوو نان بخۆین و شتێک بخۆینەوە.
لە شەقام دەپەڕینەوە و دەچینە چێشتخانەی گەڕەکەکە، بۆم باس دەکات کە حەزی لە چێشتلێنانە و حەزی لە ماسیی پیشاوی ناوفڕنە، کە بە تەماتە و شویت خۆشکرابێت. وا لە چێشتخانەکە تەنکەکەباب، کە تەنک بە شێوازی تورکی بڕاوە، دەخۆین.
باسی نووسەری تر دەکەین، لەوانە نووسەری ئێرانی داریۆش کارگەر، کە ئەویش لە ئێریکس بێرگ دەژی. یەکێکی تر –فەرهاد شاکەلی- ـیە، کە هاوڕێیەتی و ئەویش لەناو گرووپە ئەدەبییەکەی ساڵانی حەفتاکاندا بوو. توماس ترانسترۆمەریش، کە ڕەفیق چەند جارێک بینیویەتی و وەکو گوننار ئێکێلۆف شاعیری لە بەردڵانی ئەوە.
من باسی کاری خۆمی بۆ دەکەم، کە گفتوگۆم لەگەڵ توماس ترانسترۆمەر کردووە و –ئەدۆنیس- ی شاعیری لوبنانیشم بینیوە، کە لەمێژە پالێوراوی شیاوی خەڵاتی ئەدەبیی نوبێلە.
ڕەفیق دەڵێ: “شاعیرێکی گەورەیە.” لەناکاو کەمیک خەمبار دێتە بەرچاو.
کاتی هێنانەوەی کچەکەیەتی لە باخچەی منداڵان. بەڵام ئێمە پێویستە یەکدی ببینینەوە. پرسیاری ترم هەیە، دەمەوێ ئامادەی بکەم بۆ دیدارێکی تر. ئەگەرچی ڕەفیق چەند هەفتەیەکی کەمی لە ئوپسالا ماوە، بە ئارامی دەڵێ: “کاتمان هەیە.”

سوێد بنکەیەکی گرینگی کولتووری کوردییە
جاری داهاتوو کە یەکدی دەبینینەوە، تەنیا چەند ڕۆژێک پێش سەفەری ڕەفیق سابیرە، لەناو باخچەیەکی پڕ گوڵزار، دارسێو و گۆیژەشینکەی جیهانە. لەسەر کورسییەکی سپیی ئاسنین دادەنیشین. باخچەکە تەواو کپ و بێدەنگە و کەسی لێ نییە. قاوەخانەی ناو باخچەکە داخراوە. لەگەڵ ئەوەیشدا توانیم لە خانووێکی تەنیشتمانەوە، کەمێک قاوە پەیدا بکەم.
ئەمجارە زیاتر باسی نووسەرایەتیی ڕەفیق سابیر و ژیانی کولتووری لە باشووری کوردستان دەکەین. ئەو دەڵی جاران سوێد باشترین شوێنی جیهان بوو بۆ ڕووناکبیرانی کورد، بەتایبەت لە ساڵانی هەشتاکان و سەرەتای نەوەتەکان. لەبەر ئەوە زۆر نووسەری کورد دەیەویست بێتە سوێد. ماوەیەکی زۆرە زمانی کوردی لە ئێران و تورکیا و سوریا قەدەغەیە. ئەو خۆی تا ساڵی ٢٠٠٦ توانی تەنیا یەک کۆمەڵە هۆنراوە، لە ساڵی ١٩٧٦ بەناوی پشکۆکان دەگەشێنەوە، لە عێراق بڵاو بکاتەوە. ساڵی ١٩٧٩ توانی دیوانێکیش، بەناوی ڕێژنە لە ئێران بڵاو بکاتەوە. هەر لەو کاتەوە بە شاعیرێکی مودێرنیست داندراوە، کە دەنگی تایبەت بە خۆی هەیە. زمانی شیعریی تازە بوو، جارجاریش زاراوەی ناوچەی قەڵادزێی بە کار دەهێنا، بەڵام سوودی لە بەیت و داستانی فۆلکلۆری کوردی و لاوکیش دەبینی.
ساڵی ٢٠٠٦ کۆکاری شیعری ئەو، لە دوو بەرگدا، لە کوردستان بڵاو کرایەوە، کە هەردوو بەرگ بەیەکەوە، زیاتر لە نۆسەد لاپەڕەن. دوو کۆمەڵە هۆنراوەی لە ئینگلتەڕا و کۆمەڵە هۆنراوەیەک لە لبنان “وەرزی سەهۆڵبەندان”ـیش بە سوێدی، کە گۆران مەریوانی تەرجەمەی سوێدی کردووە، بڵاو کراونەوە.
لە نێوان ساڵی ١٩٩١ هەتا ساڵی ٢٠٠١ ، ڕەفیق سەرنووسەری گۆڤاری “ڕابوون” بوو، کە گۆڤارێکی کولتووری بوو، ناوەکەی لە -ڕێنێسانس- نزیکە.

لەناوەڕاستی ساڵانی نەوەتەکانەوە لە سوێد کۆمەککردنی نووسەری کورد کەمتر بووە. لەجیاتیان ئەمڕۆ ژیانی کولتووری لە کوردستانی عێراق زۆر گەشەی کردووە. زیاتر لە سەد گۆڤار، ڕۆژنامە و هەفتەنامەی کوردی دەردەچن و بە دەیان دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە هەن.
ڕەفیق سابیر حەز دەکات لەگەڵ خۆی هەندێک لایەنی سیاسەتی کولتووریی سوێد بباتەوە کوردستان و ئەو ناوەندە نوێیەی لێکۆڵینەوە. لەوانە چۆناییەتیی کتێب، شێوازی بەرهەمهێنانی کتێب، کە لە کوردستان بە دەگمەن گرنگی پێ دەدرێ. بەڵام پێدانی پاداشت (ستیپێندیۆم) کە لێرە بێلایەنانە حکومەتی سوێد، بایەخی پێ دەدات، هێشتا لە کوردستان نییە. لەوێ هێشتا زیاتر پێوەندی بە لایەنگریی حیزبییەوە هەیە، ئەمەیش ئەو سیاسەتە کولتوورییە نییە، کە ئەو کۆششی بۆ دەکات.

داهێنان – شێوازێکی هەڵاتنە لە واقیع
لە بیرمە ڕەفیق چەند شانازیی دەکرد، کاتێک خەڵاتی کلاس دێ ڤیلدەر ی بۆ ساڵی ٢٠٠١ پێشان دام، کە بە نووسەری بێگانە دەبەخشرێ، هەروەها چۆنیش نیگای خستە سەر سێ تابلۆی بەدیوارهەڵواسراوی ماڵەکەی، کە لێکدانەوەی هونەرمەندی نەرویجی – سیسێل ستانگێنس – ــن، بۆ شیعرەکانی ئەو.(٤)
“چۆن بوو بوویت بە نووسەر؟”
“دەمویست لە دەوروبەر (واقیع) ڕابکەم، بۆئەوەی بەرگەی ژیان بگرم، شیعرم نووسی. بەم شێوەیە بووم بە نووسەر.”
“بۆیە هەست دەکەیت ئامادەیت مامەڵە لەگەڵ ناخۆشییەکانی ئەم ڕۆژگارەدا بکەیت؟”
“ئەو کات و ئێستایش، هاوتەریب لەگەڵ واقیعدا جیهانێکی تر دروست دەکەم، هەوڵ دەدەم لەوێ، وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەمەوە کە ڕۆژانە بەرەوڕوومان دەبنەوە. نووسین بەشێکی ژیان و چارەنووسی منە.”
“لەو کاتەوە دەستت بە نووسین کردووە، تێگەیشتنت بۆ ژیان گۆڕاوە؟”
“بێگومان. لە تەمەنی گەنجیدا خەونم بەوەوە دەبینی کە بە وشە جیهان بگۆڕم و هەر بەڕاستیش باوەڕم وا بوو، کە دەتواندرێ ئەو کارە بکرێت.”
ئەو جەخت لەسەر واتای گەورەی شەڕی وەکو ڤێتنام و چی گیڤارا، بۆ ئەو و نەوەی خۆی دەکاتەوە.
شیعرەکانی ڕەفیق سابیر، کە بە زاراوەی کوردیی خواروو نووسراون، زۆر باسی ئازادی، عەشق، غەریبی، جوانی، تەنیایی و مەنفا دەکەن، ئەوانە بەردی بناغەی نووسەرایەتیی ئەون.
“ئەم بابەتانە هەمیشە لای من گرینگ بوون و بایەخم پی داون.
“وەکو بزانم زۆریش باسی نادادپەروەری، پرسی کۆمەڵگا، کێشەی کورد هەستی نەتەوایەتیش دەکەن.”
“ڕاست دەکەیت. بۆ نووسەرێکی ڕۆژئاوا چەمکی ئازادی بە هەمان شێوە گرنگ نییە، لێرە پرسی تر هەن. بەڵام بۆ من، خەونی ئازادیی میللەتێکی بندەست پێش هەر شتێک دێت.”
بەلای ڕەفیق سابیرەوە تەنیایی سرووشتێکی وجوودیی هەیە. ئەو پێیوایە مرۆڤ بەتەنیا لە دایک دەبێت و بەتەنیایش دەمرێ. لە نێوانیاندا، مرۆڤ دەتوانێت بە ئازادیی بیر بکاتەوە، ئەوە بکات کە دەیەوێ، دیالۆگ لەگەڵ خۆیدا بکات – بەردەوام ڕەفتار و کرداری خۆی بخاتە ژێر پرسیارەوە.
“ئایا تۆ توندیت بەرانبەر بە خۆت؟”
“بەڵێ، من داواکاریی زۆرم لە خۆم هەیە.”

مێتافۆر، خەون و سوریالیزم
شیعرەکانی تەمەنی گەنجێتی ڕەفیق، کاڕێگەریی شەڕ، سیاسەت و خەبات لەپێناو وڵاتیان پێوەیە. لەگەڵ ئەوەیشدا عەشق و جوانییش لەو شیعرانەدا هەن، بەڵام هەموو کات نازانرێ کە ئەو مەبەستی لە ئەوینی ژنە، یان نیشتیمانەکەی. تەنانەت لە شیعری “وەرزی سەهۆڵبەندان”یش، کە پێشکەشی (ئێکا)ی کردووە، ئەم دوو ڕەهەندییە هەیە. رەفیق دەڵێت؛ ئەو بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارانەدا دەگەڕێت کە ڕۆژانە ژیان بەرەوروومانی دەکاتەوە. ئەو ئەزموونگەریی لە زماندا دەکات، هەوڵ دەدات پێوەندیی نوێ لە نێوان وشەکاندا دروست بکات، مانا و مەبەستی نوێ بە هەندێکیان بدات.
ئەو شیعری زۆری لەبارەی سرووشتەوە نووسیوە، کە وێنەی بەهێزی شیعری- لێکچوواندن و مێتافۆریان بەخۆ گرتوون. وشەی هەور چەند جار بەکار هاتووە. ڕەفیق بەمنداڵی زۆر بە هەور سەرسام بووە و لە کۆڵان چاوشارکێی لەگەڵ کردووە.

“هەور مانای جۆراوجۆر دەگەیەنێت، دەکرێ سیمبۆلی ئازادی بێت، هەروەها سەقامگیریش. واتای سەفەرێک بێت بەناو وڵاتێک، یان ناوچەیەکی بێسنووردا، یان هاوواتای نەسرەوتن بێت. هەور دەشێت ئاماژەش بێت بەو نیگەرانی و نائارامییەی ئەو دەمەی کە وەرزی سەهۆڵبەندانم دەنووسی، چونکە نەمدەزانی (ئەو کەسەی خۆشم دەوێت) دەتوانم بیهێنم یان نا! نەمدەزانی دوای خوێندنەکەم (کە دەبوو بوڵگارستان جێ بهێڵم) بۆ کوێ دەچم و لەکوێ دەگیرسێمەوە! نەمدەزانی ئاخۆ ژن بهێنم، یان نا، بۆ کوێ بچم و لەکوێ بژیم، یان ڕێک و ڕەوان چیم بەسەر دێت.”
ڕەفیق جگەرەیەک دادەگیرسێنێ و سەیری ئاسمانی ئوپسالا دەکات، کە ئەمڕۆ خۆڵەمێشییە.
لە تەوقی سەرەوە هەتا نووکی پێی، جلوبەرگی ڕەشی پۆشێوە، بێجگە لە پێلاوە چەرمەکەی، کە گەرم و قاوەییە. وا پێدەچی نەرمیی پێڵاوەکان، هەنگاوەکانی وەکو هەنگاوی هیندییە سوورەکان سووکەڵە بکەن. چاویلکەی تازەیشی لەچاوە، خڕە، زیاتر بوهێمییە.
“ئەم چاویلکەیە باشترە؟”
“زۆر”
لەبارەی هەورەکانەوە، لەبارەی مانایان لە شیعری ئەودا دەپرسم.
“ئێمە هەموومان وێنەی شیعری و کۆدمان بەکار دەهێنا، بۆئەوەی هەندێ خوێنەر تێبگەن کە مەبەستمان چییە، دەوڵەتیش نەتوانێت شیعرەکانمان سانسۆر بکات.”
“ئەمڕۆ دۆخەکە چۆنە؟”
“تەواو ئازادە!”
“بە بێ کۆد؟”
“بەڵێ” پێدەکەنێ.
ئەو پێیوایە شەوی ڕووناک و درێژی هاوینی سوێدیش جۆرێک سیمای سکەندێناڤیی داوەتە شیعرەکانی. پیاسەی ناو دارستان، دار و دەوەن و ئەو سەوزاییە جوان ڕێکخراوە. تەنانەت ئارامی و پاکژیی بەفری زستانیش. ئەمانە هەموویان هەستێکی بێسنوور بە مرۆڤ دەبەخشن.
بێجگە لەمەیش، شیعری ڕەفیق خەسڵەتی نەستی(نائاگایی/لاوعی) خەون و هەندێ جاریش سوریالیانەی هەیە.

شاعیرانی حەفتاکان ڕێگەی شیعری نوێیان خۆش کرد
راستییەکەی هەمووی ساڵی ١٩٧٠ ڕوویدا، کاتێک پەیماننامەیەکی سیاسی، لە نێوان دەوڵەتی عێراق و بزووتنەوەی کورد، ئیمزا کرا و چەند ساڵێک ئاشتی بۆ کوردستان گەڕایەوە. ئەمەیش بووە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی نوێ و بەرفراوانی ئەدەبی. لە هاوینی هەمان ساڵدا، چەند شاعیر و نووسەرێکی گەنج مانیفێستێکیان بە ناوی “ڕوانگە”وە بڵاو کردەوە. ئامانج ئەوە بوو کە ئەدەبی کوردی تازە و مودێرن بکرێ. ئەمە لێدوان و گفتوگۆی لەناو ڕووناکبیران دروست کرد، وردە وردە بزووتنەوەی شیعری نوێ گەشەی کرد. نەوەیەکی نوێ، نزیکەی هەشت شاعیرێک، لە ساڵانی حەفتاکان، دەرکەوت و کاڕێگەریی لەسەر فۆڕم و ناوەڕۆکی شیعری کوردی دانا. ڕەفیق سابیر و فەرهاد شاکەلی دوو نوێنەی ئەو ئەو بزووتنەوەیە بوون.
“ئێمە بە شێوەیەک لە شێوەکان درێژەپێدەری ڕێبازی شاعیر عەبدوڵڵا گۆران ١٩٠٤-١٩٦٢ بووین، کە ناوێکی گەورەی شیعری مۆدێرنی کوردییە. گۆران پێشتر بزووتنەوەیەکی نوێی شیعریی دەست پێکردبوو، کە پشتی بە کولتووری ڕەسەنی کوردی بەستبوو. لەو ڕەوشەدا وەزنی عەروز، کە ساڵانێکی زۆر لە شیعری کوردیدا زاڵ بوو، گۆردرا بە وەزنی سیلاب (بڕگە). هەروا گۆران توانی گۆڕانکاریی بنەڕەتیش لەناوەرۆک و زمانی شیعردا بکات. پێش هەموو شتێک وازی لە ستایلی شیعریی کلاسیکیی ڕۆژهەڵات هێنا.
دوای جەنگی دووەمی جیهان گرووپێک شاعیری تر دەرکەوتن، کە ڕەوشی نوێی شیعرییان پێش خست و گەشەیان بە شیعر دا و مودێرنیزمیان لە شیعری کوردیدا چەسپاند. شێوازی شیعری نەوەی ئێمە جودا بوو، بە شێوەیەک لە شێوەکان جۆرە گوناهێک بوو. ڕێک و ڕەوان  ڕێگەی بۆ سەردەمێکی تری ئەدەبی خۆش کرد. ئێمە ستایل و فۆڕمی نوێی هونەریمان تاقی دەکردەوە، کە بەرەورووی شیعری نەریتییانەی کوردی دەوەستا. پەخشانەشیعر، وێنەی سوریالی، سیمبۆل، ئەفسانە، داستان و دیالۆگمان بە کار دەهێنا. لەبری ئەوەی، وەکو شاعیرانی پێش خۆمان، تەنیا وەسفی قارەمانی و گیانفیدایی مرۆڤ بکەین، ڕووناکیمان دەخستە سەر جیهانی ناوەوەی مرۆڤ – جیهانی نەستی، نائاگایی و خەون، کە ئازاری مرۆڤی سەردەمی شەڕی دەردەبڕی”.
شاعیرانی ساڵانی حەفتاکان ئیلهامیان لە شیعری مودێرنی عەرەبی و شاعیرانی ئەورووپایی وەکوو ئاراگۆن و ئێلوار وەردەگرت. تەنانەت ڕۆمانتیکە ڕووسەکان و فوتوریستەکان، بە پیشەوایەتی مایاکۆڤسکی، هەروا شاعیری ئەمریکای لاتین، پاپلۆ نیرۆدا، سەرچاوەی سوود لێوەرگرتن بوون.

ڕەفیق دەگێڕیتەوە، “ئێمە لەناو گرووپەکەدا، وەکو شاعیر بە یەکتری نەدەچووین، ئەگەرچی ئێمە هەموومان پێکەوە شیعری کوردیمان گۆڕی. لە ڕووی سیاسیشەوە جودا بووین، هی وا هەبوون مارکسی بوون، هی وایش هەبوون نەتەوەیی بوون. من خۆم مارکسی بووم. ئەو نووسەرانەی مانیفێستی “ڕوانگە”یان نووسی دە ساڵێک لە ئێمە بەتەمەنتر بوون. نووسەرانی پێشتر (جگە لە ڕونگەییەکان) ئێمەیان بە گەنج و نەزان دەزانی، ئێمەیان وەکو هەڕەشەیەک دەبینی، وایان دەزانی ئێمە نەریتی چوارسەد ساڵەی شیعری کوردی تێک دەدەین. بەڵام ڕاستییەکەی ئێمە شیعری کوردیمان بەپێزتر کرد، کە هەتا ئێستایش هەر بەردەوامە. هێشتا شیعری ئێمە کاڕێگەریی خۆی هەیە.
رەفیق پێی وایە ئەمڕۆ ئاژاوەیەک لەناو شاعیرە گەنجەکاندا هەیە، ئەوان لە خوێنەر زیاترن، ژمارەیەکی کەمیان شیعری باش دەنووسن. شیعرەکانیان ڕاستەوخۆ و زیاتر لەخۆیان دەدوێت، هەندێکیان بە زمانێکی شیعریی ڕازاوە دەنووسن. بەڵام شاعیری ساڵانی حەفتاکان هەیە کە بڕوای وایە، بەرهەمی شاعیرەکانی ئێستا سەیر و سەمەرەن. بەڵام ئەوان لە بیریان نییە کە ئەو کاتەی ئێمە گەنج بووین و لە سەنگەری شیعری نوێدا بووین، چۆن بوو، نەوەی پێش خۆمان چۆن بۆ ئێمەیان دەڕوانی! ڕەفیق بەم جۆرە بیرکردنەوەیە پێدەکەنێ و بەردەوام دەبێ، “شیعر لە کوردستان هەمیشە شوێنێکی تایبەتی هەبووە. کورد بە هۆی شیعرەوە توانیویەتی زمانی خۆی، یادوەریی بەکۆمەڵی خۆی بپارێزێت. کە ئەمەیش پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی داوەتە شاعیر، چونکە ئەوان هەمیشە بایەخیان بە گرفت و کێشەی میللەت و خەباتی سیاسی داوە. دوای دابەشکردنی کوردستان، لە کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهاندا، ئەرکی شاعیریش، لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا، زیاتر بوو. لەبەر ئەوەی ڕاگەیاندن نەبوو، شیعر ڕۆلێکی گرنگی بینی. هەندێک جار شاعیران وەک قارەمان سەیر دەکران. بۆیە زۆریان زیندانی کران، کوژران، یان وەکو من ناچارکران ڕوو لە مەنفا بکەن.
پێشتر لە کوردستان کتێبی مێژوویی و فەلسەفی بە عەرەبی، یان بە فارسی دەنووسران، وەکو ئەوەی لە ئەورووپا بە زمانانی گریکی، یان بە لاتینی دەنووسران. بەڵام لە کۆنەوە شیعر بە کوردی نووسراوە، و شیعریش دەربڕینی هەستە.”
ڕەفیق ڕوونی دەکاتەوە کە گەشەی شیعری کوردی و سەردەمە زێڕینییەکانی پێوەندی بە دۆخی سیاسیی کوردستانەوە هەبووە. هەروا شیعری مودێرنی کوردی کاڕێگەریی زۆری کولتووری ئەورووپای بەسەرەوە بووە. گۆڕانکارییە گەورەکان، لە کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهاندا، ڕوویان دا. ئەو کات ئیمپراتۆریای عوسمانی ڕووخا و کوردستان بەسەر تورکیا، ئێران، عێراق و سوریادا دابەش کرا.
ڕووناکبیرە کوردەکان گەڕانەوە کوردستانی عێراق و لە سلێمانی، ئەو شارەی تێیدا ڕەفیق سابیر ناوەندێکی توێژینەوەی دامەزراندووە. ئەم ڕووناکبیرانە دەستیان بە چالاکی سیاسی و کولتووری کرد، کتێب و ڕۆژنامەیان بڵاو کردەوە. کوردستانی عێراق بوو بوو بە ناوەندێکی گرنگی کولتووری، کە ئەمڕۆیش هەر وایە.

مۆسیقا هەست دەبزوێنێ و دەرفەت دەڕەخسێنێ
کارکردن لەناوەندی لێکۆڵینەوە و کولتوور، بەداخەوە وای کردووە کە لەم دواییانەدا ڕەفیق نەتوانێ هێندە شیعر بنووسێ. بەڵام گۆڕانکاری بەڕێوەیە. چونکە ئەو بۆ پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردراوە و لەوێ ئەندامە لە لیژنەی کولتوور. ئەمەیش مانای وایە کە جارجار کاتی زۆرتری دەبێ.
رۆژانە دەخوێنێتەوە و گوێ لە مۆسیقای کلاسیک دەگرێ، بەخۆشییەوە گوێ لە باخ، موزارت و بێتهوڤێن دەگرێ. هەندێجاریش ژوورەکەی پڕ دەبێ لە نەغمە و گۆرانیی عەرەبی و کوردی.
“بۆ بە تایبەت گوێ لە باخ، موزارت و بێتهوڤێن دەگریت؟”
“پێموایە مۆسیقا کار لە هەستمان دەکات، لە بەرانبەر دەرەتانی جیاواز و دەرفەتی جۆراوجۆری ژیاندا واڵامان دەکات. بەڵام قەت ڕێگەیەک نییە بیگریتە بەر. هەر دەرفەتێکی نوێ بەرەو دەرفەتێکی ترت دەبات، کە مرۆڤ دەتوانێت تێیدا گەشە بکات، هەوڵ بدات چارەسەڕیک بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە.”
“مەبەستت وایە کە مۆسیقا یارمەتیدەرمان دەبێ؟”
“لانی کەم دەرفەتێکمان بۆ دەڕەخسێنێت کە بە شێوازێکی نوێ بیر بکەینەوە، ڕوانینی جیاوازمان پێ دەبەخشێت. ئەویش ڕێک وەکو شیعر کە هەستمان دەبزوێنێ و گەشەی پێ دەدات. لاموایە ئەم جۆرە مۆسیقایە لەم ڕووەوە یارمەتیدەرە”
ڕەفیق سێوێکی بچووکی سەوز، کە لەسەر مێزی باخچەکەیە، هەڵدەگرێ دەیخاتە ناو دەستی و بەردەوام دەبێ. “بەڵام ئێمانوێل باخ کەمێک تایبەتە، هەمیشە مۆسیقای ئەو چەند کاتێکی خەمگینم دێنێتەوە یاد، لەوانە مەرگی باوکم. مۆسیقای باخ زەین و خەیاڵمان بۆ شتی پڕڕاز دەبا و هەندێک جاریش بیر دەکەمەوە کە ڕەنگە دەستەڵاتێکی نەناسراو هەبێت کاڕێگەریی لەسەر ژیان و چارەنووسی ئێمە دابنێت.”
بەڵام پیانۆکەی کە لە ماڵەوە دانراوە، ڕەفیق دەستی لی نادا، جارجار (ئێکا) و (ماریا) مۆسیقا دەژەنن و ئەویش گوێ دەگرێت.
ئەو ئیلهام لە سرووشت، مۆسیقا، فیلم و شتێک کە خوێندوویەتییەوە وەردەگرێ. پێدەکەنێ و دەڵێ:
“یان ئیلهام لە ژیانی خۆم وەردەگرم”مەگەر ئەمە بەس نییە!؟”

لە نێوان دوو جیهاندا دەسووێ
ڕەفیق زۆر جار ئێواران و شەوان دەنووسێ و بەیانیانیش پێش هەر شتێک سەیرێکی نووسینەکە دەکاتەوە، پاشان قاوە دەخواتەوە و دەستکاریی تێکستەکە دەکا. ئەو هیچ پەلەی نییە، تێکستەکە لەلاوە دادەنێ، چەند جارێک دەستکاریی دەکات. زۆر جار لێدەگەڕێ ناخ بڕیار بدات.
لەم پێنج ساڵەی دواییدا زیاتر خۆی بۆ نووسینی (باس- ئێسێ) تەرخان کردووە، کە لەبارەی کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. لەم بارەیەوە دەنووسێ و بەشداریی دیالۆگەکانی تەلەڤزیۆنی دەکا.
لە بەهاری ساڵی ٢٠٠٦ کۆشیعری ئەو لە دوو بەرگدا بڵاو کرایەوە و خەڵاتی ئەدەبیی ئیبراهیم ئەحمەدی پێ بەخشرا، ڕەفیق دەڵێ:
“لە کوردستانی ئێران و عێراق هێشتا شیعری من دەخوێنرێنەوە.”
هەردووکمان سەیری ئاسمان دەکەین. هەورەکە پڕ بووە. دەبێ خۆمان بدەینە پەنایەک. من ئامادەیی خۆم دەردەبڕم کە بە ئوتومبیل بیگەینمەوە ماڵەوە. کە دەگەینە جێ، فەرمووم لی دەکا بچمە لای ئەو و چا بخۆینەوە و سڵاوێک لە ژن و منداڵەکەی بکەم. من سوپاسی دەکەم و لەگەڵی دەچم.
کچەکەی شەرم دەکا. سەیری پڕۆگرامی منداڵان دەکا و حەزی لە قسەکردن نییە.

بەدەم چاخواردنەوە باسی زۆر شت دەکەین. لە کۆتاییدا دەپرسم کە ئایا ئێکا و ماریا دەیانەوێ بچنە کوردستان و لەوێ بژین. ئێکا زۆرزان دیارە و دەڵێ، بەڵێ، ڕەنگە. ئێکا باس دەکات کە لەم ڕۆژانەدا، ئێوارەیەک کە دەیویست چیرۆک بۆ ماریا بخوێنێتەوە، ئەلقەی بووکێنیی بەر دیوار کەوت بوو، ئەوسا کچەکەی پێی وتبوو: ئەو ئەڵقەیە فڕێ بدە، خۆ ئەو قەت لێرە نییە!
من سەیری ڕەفیق دەکەم، بزانم کاردانەوەی چۆن دەبێ؟ بەڵام بێگومان ئەو ئاگای لەم کێشەیەی غەریبیکردنی نیشتیمان و غەریبیکردنی خێزان هەیە. ئەو لە نێوان دوو جیهاندا دەسووێ. لەناکاو ماریا، کە لەسەر کۆشی ڕەفیق دانیشتووە، توند باوەشی پێدا دەکات. قژی ڕەش و لوولی کەوتووەتە سەر شانەکانی، ڕەفیق بە نەرمی دەست بە پرچیدا دەهێنێ و لێی دەپرسێ: “ئەمشەو چ یارییەک بکەین؟”
دوای دوو ڕۆژی تر فڕۆکەکە بەرەو کوردستان دەفڕێ.

ئەم دیدارە بەشیکە لە کتێبی:
Anna Franklin & Reza Rezvani
Den osynliga litteraturskatten, bokförlag tranan, Sweden 2010 s.161-19

سەرنج و پەراوێز:
(*) لە کۆتایی ئەم دیمانەیە، ئاننا فرانکلین سێ بەشی هۆنراوەی وەرزی سەهۆڵبەندانی، بە زمانی سوێدی، کە شاعیر و نووسەر گۆران مەریوانی گۆڕیویەتی بۆ سوێدی، بڵاو کردۆتەوە.
١-مەبەست لەو دیدارەیە کە ساڵی ٢٠٠٦ هونەرمەند و ڕۆژنامەنووس گۆران عەلی کەریم لەگەڵ شاعیر کردی و بە دوو بەش لە کەنالی تەلەڤزیۆنی گەلی کوردستاندا بڵاو کرایەوە. دیدارکە لەم کتێبەدا بڵاو کراوەتەوە.
٢-مەبەست لەو دیدارەیە کە ڕۆژنامەنووس و نووسەری سوێدی خاتو تییا دیربلووم-ئەندێرسۆن لەگەڵ ڕەفیق سابیر کردوویەتی. ئەم دیدارەش لەلایەن نووسەر و وەرگێر رزگار شێخانی کراوە بە کوردی و لەم کتێبەدا بڵاو کراوەتەوە.
٣- چیرۆکی پیپی گۆرەویدرێژ، کە ئاسترید لیندگرێن ١٩٠٧-٢٠٠٢ نووسیویەتی، ناودارترین چیرۆکی سوێدیی منداڵانە. ئەم چیرۆکە تەرجومەی نزیکەی هەموو زمانانی دنیا کراوە. بەڵام دەوڵەتی تورک ڕێگەی نەدا ئەم چیرۆکە بە زمانی کوردی لە تورکیا بڵاو بکرێتەوە. ئەم بڕیارەی دەوڵەتی تورک، لە مێدیای سوێد باسی زۆری لەبارەوە کرا.
٣-هونەرمەندی شێوەکاری نەرویجی خاتوو سیسێل ستانگێنێس، بە ئیلهاموەرگرتن لە چاپی سوێدیی وەرزی سەهۆڵبەندان، کۆمەڵێک نیگاری گرافیکی کێشا و لە ساڵی ٢٠٠٢ لە شاری بێرگێن، لە نەرویج، لە پێشانگایەکی تایبەتدا، بە ناوی ئێکسیل پێشان درا. دواتر هەمان پێشانگا لەگەڵ کۆمەڵیک تابلۆی نوێ، لە دوو شاری تری نەرویج، بە ئامادەبوونی شاعیر، کە کۆمەڵیک هۆنراوەی خۆی بە کوردی و سوێدی خوێندەوە، پێشان درایەوە.
ساڵی ٢٠١١ بە بۆنەی بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبە سوێدییەی ئەم چاوپیکەوتنەی تێدا بڵاو کراوەتەوە، هونەرمەند سیسێل ستانگێنێس بانگهێشتن کرابوو بۆ سوێد و لە شاری ئوپسالا، بەشێکی گرینگی تابلۆکانی، بە هەندێک تابلۆی نوێوە، نمایش کردەوە.

* لە ماڵپەڕی رۆژنامەی زەمەن وەرگیراوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*