رۆمانی (پەیامی ڕووناکی) پەیامی هەموو ئازادیخوازێکە

رۆمانی (پەیامی ڕووناکی) پەیامی هەموو ئازادیخوازێکە
عەباس داودی

نووسەر و وەرگێڕ، سەباح ئیسماعیل نموونەیەك لە سیمبۆلی جوانی، تژی لە بەخشین. ئەرك و پێویستە لە سەر خەمخۆرانی بواری ڕۆشنگەری ڕێز لە سیمبۆلەکانی خۆیان بگرن، میدالیای شەرەف بخەنە گەردنیان. ئەمڕۆ لێرەدا مەبەستمانە تێشك بخەینە سەر کەسە فرە جوان و دیارەکانی بواری وەرگێڕان لەوانەی کە هەمیشە بۆ ئێمەی کورد مایەی شانازین لەوانە: مامۆستا هەژار، شکور مستەفا، عەزیز گەردی …. هتد. هەڵبەت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کاك سەباح ئیسماعیل ، چوون ئەو سـیمبۆلە جوانانەی ئاماژەمان پێ دان، ئاوەها وەك ئەستێرەیەکی گەشاوە لە ئاسمانی وێژەییماندا دەدرەوشێتەوە، ئەویش بە خزمەتە باڵا کردەییەکانی، ئەوەی پتر کاك سەباحی جوان کردووە، خاکیبوونیەتی وەکو کەسێکی سادە لە گەڵ دەوروپشتەکەیدا ڕەفتار دەکات، دەست بۆ گشت بابەتێکی هاکەزایی نابات، بەڵکو گوڵبژێرێکی پوخت دەکات، تاوەکو کار لە سەر وەرگێڕانی ڕۆمانێك بکات، بەرهەمەکانی گەواهیدەرەن بۆ ئەم قسانە. لێرەدا گەرەکمە بێژم بە گەورەیی خۆی ڕۆمانی (پەیامی ڕووناکی) بە دیاری بۆ ناردم، لە قووڵایی دڵەوە سوپاسی بێئەندازەی دەکەم، لە بەرانبەردا ویستم بە چەند سەرنجێك لە سەری ڕابوەستم وەکو سووکە خوێندنەوەیەك، چونکە بەڕاستی مافی لێکۆڵەر بە خۆم نابەخشم، هیوادارم لە کەم و کورتی و سادەیی بمبەخشن. هەڵبەت ئەم بەرهەمە بە پێز و ناوەزەیە (پەیامی ڕووناکی)، دەربارەی ڕۆشنبیر و نووسەری دیار و بە توانا ئیبن موقەفەعە، ناوبراو لە ساڵی ٧٢٤ ــ ٧٥٩ی زاینی لە شاری جووری وڵاتی فارس لەدایکبووە، باوکی دیسان کەسایەتییەکی ناوداری سەردەمی خۆی بووە، لە ڕۆژگاری حەجاجی کوڕی یوسف سەقەفیدا کاری باج و خەڕاج کۆکردنەوەی کردووە. ئیبن مەقەفەع ٢٥ ساڵ لە ژێر سایەی دەوڵەتی عەباسیدا ژیاوە، ڕۆشنبیریی ئەو فارسی و زەردەشتی بووە، شارەزای زۆری کلتووری فارسی و هیندی و یۆنانی بووە.
شاری بەسرە ئەو کات مەڵبەندی پیاوانی زانست و ئەدەب بووە، بۆیە گواستوویەتیەوە بۆ ئەوێ، عەرەبییەکی گەلێك ڕەوان و پاراوی زانیوە، بەوە ناسرا بوو کە کەسێکی ڕاستگۆ، بوێر و دەستپاک، دڵسۆز و جوانویست، یارمەتیدەر و وەفا دار بووە بۆ هاوڕێکانی، بڕوای تەواوی بە هێز و کاریگەری وشەو توانای نووسینی هەبووە. یەکێکە لەو ڕۆشنبیرانەی کە داکۆکی سەر سەختی کردووە لە ستەملێکراوان.
ئەم ڕۆمانە (پەیامی ڕووناکی)، دوو چیرۆکی لە خۆ گرتووە، یەکەمیان لە ڕۆژگاری ئیبن موقەفەعدا ڕوودەدات، دووەمیش چیرۆکێکی لابەلای هاوچەرخە، ڕووداوەکانی لە ڕێگەی نامەگۆڕینەوەی نێوان خوێندکارێکی عێراقی تێزی دکتۆرا و مامۆستای سەرپەرشتیاری تێزەکەی دا ڕوودەدەن، تاوەکو هەردوو چیرۆکەکە لە یەك دەقدا ئامێز لە یەکتری دەدەن. ئیبن مەقەفەع وەکو چاکساز و ریفۆرمخوازێک کتێبی (رسالە الصحابە)، دەنووسێت و بوێرانە ئاراستەی هاوەڵانی خەلیفە و دەسەڵاتدارانی دەکات، کە دەست لە گەندەڵی بەردەن و میللەت بگرنە خۆیان، واز لە ڕیایی و مەرایی بهێنن و شەرعیەت نەدەنە هەرکارێك خۆیان بیانەوێت، ئەو پێی وابوو سوودی چییە لە ڕۆژگارێکدا بژیت، بکرێت هەموو شتێک بنووسیت، بەڵام نەتوانیت هیچ بگۆڕیت، لای ئەو گوتنی ڕاستییەکان هەمیشە کردەیەکی شۆڕشگێڕانەیە.
جۆرج لۆکاش لە کتێبی (گۆتە و سەردەمەکەی) دا دەڵێت: بۆ ئەوەی گۆتە بناسین دەبێت لە سەردەمەکەی بگەین، ئەم ڕۆمانەی بەردەستمان (پەیامی ڕووناکی)، ڕۆمانێکە دەربارەی ڕۆژگاری ئیبن موقەفەع ، وایکردووە لە رێگەی باسکردنی سەردەمی ئەمەوی و عەباسییەکانەوە ڕووناکی دەخاتە سەر یەکێک لە گۆشەکانی کەسێتیی ئیبن موقەفەع و لایەنێکی ژیانی، ئەویش لایەنی سیاسی، ڕیفۆرمخوازییە، ڕووداوەکان هێندە باس لە ململانێی ڕۆشنبیر لە گەڵ دەسەڵاتدا دەکەن، ئەوەندە ڕووناکی ناخەنە سەر ژیانی ئیبن موقەفەع. هەڵبەت دەنگۆی ئەوەش هەیە کە کتێبی (کلیلە و دیمنە)، نووسەرەکەی ئەم خۆی بێت. پێویستە ئەوەش بێژین ئەم کەڵە ڕۆشنبیرە ناودارە، مرۆڤدۆست و ڕاستویستە بە پیلان و ڕاپۆرتنووسینی پیاوانی دەرباری سەردەمی حوکمڕانی عەباسییەکان هاتۆتە تیرۆرکردن.
ماوەتەوە بڵێم دووبارە دەستخۆشی لە وەرگێڕ دەکەم بۆ هەڵبژاردنەکەی و ئەو کوردیە جوان و پاراوەی قەستی ئەوە دەکەیت ڕۆمانەکە دوایی نەیەت و خەیاڵی جوانیی زمانی کوردی داتدەگرێت.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*